ئافاد 15 شارۆچکەی مەترسیداری بۆ بومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکە دەستنیشانکرد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ئەنقەرە

 سەرۆکایەتیی  بەرێوەبردن و باری لە ناکاو-ی تورکیا (ئافاد) ئەو شارۆچکانەی دەستنیشانیکرد، کە لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لە ئیستانبوڵ مەترسی زۆریان لەسەرە.

ئافاد رایگەیاند، ئەو قەزایانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە لە ئەگەری بوومەلەرزە، بریتین لە قەزاکانی باکرکۆی، باخچەلی ئێڤلەر، کوچوک چەکمێجە، ئەسەنیورت، ئێسەنلەر، باشاکشاهیر، ئێسێنیورت، ئاڤجلار، بەیلیکدوزو، بویوک چەکمێجە، توزلا، پێندیک، ماڵتەپە، سوڵتانبەیلی، ئوسکودار و فاتیح.

لەوبارەوە د. یورداکوڵ ئایگۆرمێز، ئەندامی دەستەی زانکۆی تەکنیکی یڵدز، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بیناکان بە لە بەرچاوگرتنی زەوی دروست بکرێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە شلبوونەوەی زەویش لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا بینراوە.

جەخت لەوە کردەوە، کە ئەوانەی لەم قەزایانەدا دەژین پێویستە هوشیاربن و پشکنینی شلبوونەوەی خاک بۆ ئەو زەویانە بکرێت کە بە مەبەستی بیناسازی کەڵکی لێوەردەگیرێت، ئەو دیاردەیەی پێدەڵێین شلبوونەوەی خاک دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی پەستانی ئاوی کونیلەکانی نێوان گەردیلەکانی زەوی، بۆیە لەم حاڵەتەدا دیاردەکە پێی دەگوترێت شلبوونەوەی زەوی یا خود خاک و لەکاتی دروستکردنی بیناکەدا دەبێت، زەویەکەی پشکنینی بۆ بکرێت و ئاوی ژێر زەوی بپێورێت، ئەگەر لە خوار 15 مەتر بێت، مەترسییەکەی کەم دەبێت، ئەگەر لە سەرووی ئەمەوە بێت، لەنێوان 0 بۆ 10 مەتر، ئاستی ئاوی ژێر زەوی مەترسی دروستدەکات و دەبێت شیکاری مەترسی شلبوونەوە ئەنجام بدرێت.

ئایگۆرمێز ئاماژەی بەوەشدا، شلبوونەوەی زەوی دۆخێکی باو و ئاساییە لەو ناوچانەی کە نزیکن لە دەریاوە، بۆیە سرووشت هەمیشە کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە هەر شتێکی دەستکرد کە لەسەری بنیات نراوە، ئەگەر بڕی ئاوی ناو زەوی زۆر بێت، ئەوا کاردانەوەی دەبێت لە کاتی بوومەلەرزە و بەرەو دەرەوە دەجوڵێت و دەبێت بەهۆی دارمانی بیناکان.

شارەزیانی بوومەلەرزە و زەوی ناسی پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گۆری7.7- 7.6 پلەی رێختەر هەیە، کە رەنگە لە نێوان ساڵانی 2024و2029دا رووبدات و کارەساتی گەورە بخولقینێت لە ئیستانبوڵ کە نزیکەی17 ملێون کەسی تێدا نیشتەجێیە.

بەشی بەڕێوەبردنی مەترسی بوومەلەرزە و باشترکردنی قەزاکانی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ، تاقیکردنەوەکانی بوومەلەرزەیان لە ئەستەنبوڵ خێراتر کردووە و رایگەیاندووە، خزمەتگوزاری تاقیکردنەوەی بوومەلەرزە بۆ ئەو بینایانە پێشکەش دەکەن کە لە دوای ساڵی 2000 دروستکراون، هاوکات لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات و پێشبینی روودانی بوومەلەرزەیەکی بە هێز لە ئیستانبوڵ نرخی خانووبەرە لە بەشێک لەو ناوچانە بە رێژەی 45-55% دابەزی. بەشێک لە هاووڵاتییانیش کۆچیانکردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە دەگوترێت سەلامەتترن.