دووكاندید كێبركێ لەسەر پۆستی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دەكەن

ژمارەیەك لە ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە نیگەرانن لە كۆنگرە

K24 – سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا كۆنگرەی 11 بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستی بەكارەكانی كرد، بڕیارە 370 ئەندام بەشداری لە كۆنگرەكە بكەن و 56 وەك ئەندامی شوورا ھەڵبژێردرێن، ھەر یەك لە عیرفان عەلی عەبدولعزیز رابەری پێشووی بزوتنەوەكە  و كامیل حاجی عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كاندیدن بۆ پۆستی رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی.

عیرفان عەلی عەبدولعزیز بە كوردستان24 راگەیاند: "داوا لە ئەندامانی كۆنگرە دەكەین ئارامی بپارێزن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی مودێرن كۆنگرە بەڕێوەبچێت".

گوتیشی: "لە كۆنگرەی رابردوو 500 ئەندام بەشداربووە، بەڵام لەم كۆنگرە لیژنەی سەرپەرشتیار بڕیاریداوە كەمترین ئەندام لەم كۆنگرەیە بەشداری پێبكرێت".

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بەھۆی كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە بە بەراورد لە 10 كۆنگرەی رابردووی ئەو حزبە، زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلام ناڕەزاییان دەربڕیووە".

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ساڵی 1987 بەسەركردایەتی عوسمان عەبدولعەزیز لە وڵاتی ئێران راگەیاندرا و یەكەم حیزبی سیاسی ئیسلامی چەكدارە كە لە باووشووری كوردستان دامەزراوە، لەساڵی 1999 لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕین یەكیانگرتووەتەوە كە مەلا سدیق سەركردایەتی دەكرد و بزووتنەوەی یەكبوونیان راگەیاند، دواتر لەساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەنسارولئیسلام لەبزوتنەوە جیابونەوە. لە كۆنگرەی 10 بزوتنەوەی ئیسلامی ساڵی 2012 كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە جێگەی مەلا سدیق عەبدولعەزیز بە رابەری گشتی هەڵبژێردرا.