هێرشی سەگەکان بەریتانییەکانی نیگەران کردووە
K24 - هەولێر
رۆژی هەینی پۆلیسی بەریتانیا پیاوێکیان دەستگیرکرد، بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێکی تەمەن 52 ساڵ، ئەمەش بەهۆی رووداوێکی هێرشی سەگەکان بووە بۆ سەر ئەو کەسە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش بەڵێنیدا ئەو جۆرە سەگانە قەدەغە بکات.
کێشەی سەگە مەترسیدارەکان گەیشتۆتە لوتکەی سیاسەتی بەریتانیا، لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک، بەڵێنیدا ئەو جۆرە سەگانە قەدەغە بکات کە پێی دەوترێت جۆری "بولی ئێکس ئێل ئەمەریکی".
دوایین قوربانی، ئیان پرایس، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە گوندی ستۆناڵ لە باکووری بیرمینگهام، لەلایەن دوو سەگەوە هێرشی کرایە سەر و دواتر بەهۆی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی ستافۆردشایەر رایگەیاند، سەرەتا پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ دەستگیرکراوە بە تۆمەتی چاودێریکردنی ئەو سەگانەی کە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە کۆنترۆڵ دەرچوون و بوونەتە هۆی برینداربوونی کەسێک پێش ئەوەی جارێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر بکرێت.
پۆلیس دەشڵێت: "لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامە لە کاتێکدا هەوڵدەدەین روونکردنەوەی زیاتر بەدەستبهێنین، سەبارەت بەو رووداوانەی کە بوونەتە هۆی ئەم هێرشە ترسناکە".
کاربەدەستان لە ئێستادا کاردەکەن بۆ ناسینەوەی ئەو جۆرە سەگانەی کە لەو بارەیەوە باس دەکرێن، بەڵام پۆلیس پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەوان بولی ئەمەریکین و بە جەستە و ماسولکە گەورەکانیان ناسراون.
رۆژی شەممە کچێکی تەمەن 11 ساڵ بە سەختی بریندار بوو دوای ئەوەی لەلایەن سەگێکی ئەمەریکییەوە هێرشی کرایە سەر.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند رووداوێکی هاوشێوە لەو سەگانەدا تۆمارکراوە کە گومانیان لێدەکرێت سەگی ئەمەریکی پۆلی بن.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: "روون و ئاشکرایە کە سەگەکانی پۆلی ئێکس ئێڵـی ئەمەریکی مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگەکانمان".
من فەرمانم بە هەنگاوی بەپەلە کردووە بۆ ناسینەوە و قەدەغەکردنی ئەم جۆرە سەگانە بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو هێرشە توندوتیژانە بهێنین و خەڵک بپارێزین.
"ئەوە دەربارەی چەند سەگێکی راهێنراو نییە"، هەروەها ریشی سوناک، بەڵێنی دا تا کۆتایی ساڵ یاسای نوێ دەربارەی ئەو باسە دەربکات.