لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان دەستگیرکرا

K24 – سلێمانی

کەسێک لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکرا، بە فێڵ پارەی لە چەند هاووڵاتییەک وەرگرتووە، یەکێک لەو هاووڵاتییانە ژنێک بووە بەناوی هاوسەرگیرییەوە هەڵیخەڵەتاندووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد كە بەشێوەی جۆراوجۆر فێڵیان لێكراوەو پارەیان لێسەندراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت ".

ئاماژەی بەوەشداوە: "لەئێستادا تۆمەتبار ( ر، أ، م لە دایكبووی 1995 ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو لەكاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا دەركەوتووە كە بەشێوەی جۆراوجۆر فێڵی لە چەند كەسێك كردووە، بەناوی هاوسەرگیریشەوە ژنێكی هەڵخەڵەتاندووەو پارەی لێوەرگرتووە".