وزەی ئەمەریکا: هەناردەکردنی نەوتی عێراق زیادیکردووە

K24 - هەولێر

ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بە رێژەی زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە کە هەفتەی پێشووتر هەناردە کراوە بەرزبووتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمەریکا، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە حەوت وڵاتی گەورەوە راگەیاند و گوتی: تێکڕای هاوردەی نەوتی ئەمەریکا، گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 346 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی رابردوو 524 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە، کە دەکاتە 5 ملیۆن و 822 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەفتەی ڕابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بە تێکڕا گەیشتووەتە 248 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 148 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە".

ئیدارەی وزەی ئەمریکا جەختیکردەوە، کە زۆرترین داهاتی نەوت بۆ ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە کەنەداو، بە تێکڕا 3 ملیۆن و 645 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، لە دوای ئەویش مەکسیک دێت بە تێکڕا یەک ملیۆن و 95 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، داهاتی نەوتی بەرازیلیش گەیشتووەتە 545 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و پاشان سعوودیە بە تێکڕا 383 هەزار بەرمیلی رۆژانە.