بزوتنەوەی ئیسلامی رابەری بە دروشمی ئەڵڵاوئەكبەر و چەپڵەرێزان دانانێتەوە

"ئێمەش ئاگاداری نیگەرانی ئەندامانین و ھەندێكیان رەخنەیان لە بزوتنەوە ھەیە و رەخنەكانیان لەبەرچاو دەگرین"

K24 – سلێمانی

ئەندامێكی كۆنگرەی 11 بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێ، رابەری گشتی و ئەندامانی شوورای ناوەندی بە دروشمی ئەڵڵاوئەكبەر و چەپڵەرێزان دانانێنەوە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات كە ھیچ ھێز و لایەنێك تەدەخول لە كۆنگرەكەیان ناكات و بزوتنەوە ھێزێكی سەربەخۆییە.

شوان قەڵازەیی ئەندامی كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتەكانی ھەواڵی كوردستان24 رایگەیاند: "لەناو كۆنگرەدا بە چەپڵەرێزان و دروشم كەس دانانێینەوە نە رابەری گشتی و نە ئەندامانی شوورای ناوەندی و مەڵبەندەكان، ئێمە ئەو كلتورەمان  نییە بە چەپڵەرێزان و دروشمی ئەڵڵاوئەكبەر كەسێك دابنێینەوە".

ئێمەش دەزانین كە كۆمەڵێك لە ئەندامانی دڵسۆزمان نیگەرانن لەوەی كە نەیانتوانیوە ئەندام بن لەم كۆنگرەیەدا، ئەمەش لەبەر مەسەلەی ئابڵۆقەی ئابووری بزوتنەوە بە پێویستمان زانیووە ژمارەی ئەندامانی بەشداربووانی كۆنگرە كەم بكرێنەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھەندێك ئەندامی دیكەیان رەخنەیان لە ئەدا و كاركردنی بزوتنەوە ھەیە و رەخنەكانیان لەربەرچاو دەگرین".

گوتیشی: "بە ھیچ شێوەیەك تەدەخولی ھێزەكانی دیكە لەناو كۆنگرەدا نییە  و دەبێ خەڵك دوای بزوتنەوەی بكەوێت نەك بزوتنەوە پاشكۆی خەڵكی دیكە بێت، بزوتنەوەی ئیسلامی ھێزێكی سەربەخۆییە ھەڵوێستەكانی لە ئێستا و رابردوودا دیارن".

سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی كۆنگرەی 11 بزوتنەوەی ئیسلامی شوان قەڵادزەیی گوتی: "لەم كۆنگرەیەدا بەرپرسی مەڵبەندەكانیش لە كۆنگرە ھەڵدەبژێردێن لە كۆنگرەكانی رابردوودا لە شوورای ناوەندی ھەڵدەبژێردران".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆنگرەی 11بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی 370 ئەندام دەستی بەكارەكانی كرد، ھەر یەك لە عیرفان عەلی عەبدولعزیز و كامیل حاجی عەلی كێبركێ لەسەر پۆستی رابەری گشتی دەكەن، بڕیارە ھەر ئەمڕۆش دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی رابەری گشتی بزوتنەوەكە بدرێت.