به ڤيديۆ...چالاكترين يانهی بازارگواستنهوهی یاریزانان بناسه
مانگێک پێش ئەوەی دەرگای بازاڕەکە دابخرێت، زۆربەی پێداویستییەکانی بۆ وەرزی نوێ کڕیوە
بۆروسیا دۆرتمۆند لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان چاڵکترین یانەیە و مانگێک پێش ئەوەی دەرگای بازاڕەکە دابخرێت، تۆماس تۆخێل زۆربەی پێداویستییەکانی خۆی بۆ دەستکردن بە وەرزی نوێ کڕیوە.
دۆرتمۆند لەم هاوینە بایی ١٠٧ ملیۆن یۆرۆ 3 یاریزانی فرۆشتووە، هێنریک میخیتاریانی بەرامبەر ٤٢ ملیۆن یۆرۆ بە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی فرۆشت، بەرامبەر ٣٨ ملیۆن یۆرۆش لە بەرژەوەندیی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەستبەرداریی ماتس هەمێلس بوو، ئێلکای گۆندۆگانیش یەکێکی دیکە بوو لەو یاریزانانەی بەرامبەر ٢٧ ملیۆن یۆرۆ سیگنال ئیدۆنا پارکی بەجێهێشت و روویکردە ریزەکانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی.
گەرچی زەردەواڵەکان سێ ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیان لەدەست داوە، بەڵام بەرپرسانی یانە ئەڵمانییەکە تاکو ئێستا ١١٣ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار یۆرۆیان لە کڕینی ٨ یاریزان خەرجکردووە.
ئێمری مۆری ناوەڕاستکاری لاوی تورکی لە بەرامبەر ٧ ملیۆن یۆرۆ لە نۆردیشلاندی دانیماڕکییەوە بۆ ماوەی پێنج وەرز روویکردە سیگنال ئیدۆنا پارک، میکێل مێرینۆی ٢٠ ساڵانیش بەرامبەر سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار یۆرۆ لە ئۆساسۆنای ئیسپانییەوە بۆ ماوەی پێنج وەرز پەیوەندیی بە ریزەکانی دۆرتمۆندەوە کرد.
مارک بارترا یەکێکی دیکەیە لە گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی بۆروسیا و بەرامبەر ٨ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی چوار وەرز پەیوەندیی بە ریزەکانی دۆرتمۆند کرد و بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی هەمێلس لە یانەکە.
رافایل گوێرێرۆ بەرگریکاری پۆرتوگاڵی لە لۆریێنی فڕەنسیەوە بەرامبەر ١٢ ملیۆن یۆرۆ گرێبەستێکی دیکەی ئەم هاوینەی یانە ئەڵمانییەکەیە و ئەویش بۆ ماوەی چوار وەرز درێسە زەردەکەی یانەکە دەپۆشێت.
ئۆسمان دێمبلی یەکێکی دیکەیە لە گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی دۆرتمۆند، کە بەرامبەر ١٥ ملیۆن یۆرۆ رازی بوو بۆ ماوەی پێنج وەرز بچێتە ریزی زەردواڵەکان و ماڵئاوایی لە رێنی فڕەنسی کرد، لە کۆتایی هەفتەی رابردووش دۆرتمۆند دوو گرێبەستی گرنگی واژوو کرد، سەرەتا بەرامبەر ٢٦ ملیۆن یۆرۆ ماریۆ گۆتزێی لە بایرن میونشنەوە گەڕاندەوە ریزەکانی و ئەو کوڕە زێڕینە چوار وەرزی دیکە لە یانەکە یاریی دەکاتەوە، سیباستیان رۆدی ناوەڕاستکاری بایرن میونشنیش یاریزانی دیکەی نوێی دۆرتمۆندە کە لە وەرزی داهاتووەوە یاریی بۆ یانەکە دەکات و بەرامبەر ١٢ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی چوار وەرز دەبێتە زەردپۆش.
ئاندرێ شۆرلێ بەرامبەر ٣٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی 5 وەرز ڤۆلڤسبۆرگی بەجێهێشت و دوایین گرێبەستی ئەم هاوینەی یانەکەی هەرێمی رۆڕە.