کۆریای باشوور: بەسەرکەوتوویی پارە بلۆککراوەکانی ئێران گواسترایەوە وڵاتی سێیەم
K24 - هەولێر
کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتەکەی بەسەرکەوتوویی گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی سێیەم، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو فڕۆکەیەی زیندانییە ئەمەریکییەکانی تێدابووە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەرەو ئەمەریکا کەوتە ڕێ.
سەرچاوەیەک بە ئاژەنسی رۆیتەرزی راگەیاند، پێشتر فڕۆکەیەک کە لەلایەن قەتەرەوە نێردراوە، پێنج ئەمەریکییەکە و دوو کەسوکاریان لە تاران گواستەوە دەرەوەی ئێران، دوای ئەوەی هەردوولا پشتڕاستیان کردەوە کە شەش ملیار دۆلار لە کۆریای باشوورەوە گواستراوەتەوە بۆ هەژمارێکی قەتەری.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، " ئەو پارانەی ئێران کە بەهۆی سزاکانەوە لە کۆریای باشوور بلۆککراون، بە سەرکەوتوویی گواسترانەوە بۆ وڵاتی سێیەم لە ژێر هەماهەنگییەکی نێوان وڵاتانی پەیوەندیداردا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ئەو پارەیە لە قەتەر بۆ خۆراک و دەرمان و کەرەستەی مرۆیی تر خەرج بکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتەکەمان پێشبینی دەکات پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان باشتر بێت لەسەر گواستنەوەی پارە بلۆککراوەکان"، سوپاسی حکومەتەکانی قەتەر و سویسرای کرد بۆ رۆڵی بنیاتنەریان لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا.
قەتەر نێوەندگیری کرد لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوە ئەمەریکییەکان، لەکاتێکدا سویسرا هاوکاری گواستنەوەی پارەکەی لە کۆریای باشوورەوە بۆ قەتەر کرد. سویسرا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە تاران، چونکە ئەمەریکا و ئێران پەیوەندی دیپلۆماسییان نییە.