وادەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە ئاشکرا دەکرێت
K24 - هەولێر
کۆبوونەوەی نێوان لیژنەی دارایی و ئەو بانکانە دەستپێدەکات، کە پارە دەنێرنە هەرێمی کوردستان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ دەردەکەوێت کەی ئەو پارەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیاربوو کاتژمێر 2:00 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو بانکانە دەستپێبکات کە پارەکەی هەرێم دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، بەڵام وا دیارە تاوەکو ئێستا هەموو ئەندامەکانی لیژنەی دارایی نەهاتوون.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە نێوان لیژنەی دارایی و ئەو بانکانە بێت کە پارە دەنێرنە هەرێمی کوردستان وەکو( تی بی ئای، رەشید و رافیدەین)، کۆبوونەوەکەش لەپێناو ئەوەیە تاوەکو بزانن بەچ شێواز و میکانیزمێک ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
باسی لەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ دەردەکەوێت کەی ئەو پارەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لەرۆژی یەکشەممەوە بڕیار دراوە بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 2 تریلیۆنو 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق تا ئێستا بڕیاری خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی نەداوە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی باسیان لەوەکردووە، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە تەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی نییە، بەڵکو هەندێک رێکار و هەندێک لایەنی دیکە هەیە لەوانە، ئەو بانکانەی کە پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان تاوەکو هەرێمی کوردستان پارەکە رابکێشێت، دەبێت رەزامەندییان وەربگیرێت.
پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: هەندێک لەپەرلەمانتاران بەتایبەت سەربەخۆکان دەڵێن ئێمە دژی ناردنی ئەو بڕە پارەیەین، کە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەردراوە.