جووتیارێکی پێنجوێن: کیلۆی تەماتە بە 200 دینار دەفرۆشم

بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق زیان بە جووتیاران دەگەیەنێت

کێڵگەیەکی تەماتە لە سنووری قەزای پێنجوێن
کێڵگەیەکی تەماتە لە سنووری قەزای پێنجوێن

K24 – پێنجوێن

چەند رۆژێکە جووتیارانی کوردستان بەتایبەتی جووتیارانی پێنجوێن ناڕازین لە نرخی تەماتە، داوا دەکەن هاوردەکردنی لە سنوورەکان رابگیرێت. جووتیارێک دەڵێت: تەماتە لە پێنجوێنەوە باردەکەم و دەیبەمە سلێمانی کیلۆی بە 200 دینار دەفرۆشم، ئەمە هەمووی زەرەرە.

هۆکاری دابەزینی نرخی تەماتە کردنەوەی سنوورەکانی عێراقە بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی وڵاتانی دراوسێ، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: حکومەتی عێراق پابەندی رێككه‌وتننامه‌ی کشتوکاڵی نابێت.

محێدین حەمە رەئوف، جووتیارێکی پێنجوێنە و نیگەرانە لەوەی ئەو هەموو ماندوبوون و خەرجییە ناتوانێت هیچ خێرێکی لە بەرهەمی تەماتە دەست بکەوێت، چونکە بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ نرخی تەماتەی بەشێوەیەک دابەزاندووە، کە قازانج سەری مایەی خواردووە.

ئەو جووتیارە دەڵێت: "هەموو ساڵێک کە تەماتەی ئێمە پێدەگات تەماتەی تورکیا و ئێران هاوردە دەکرێت، لە پێنجوێنەوە تەماتە باردەکەم کرێی ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوە 100 هەزار دینارە بۆ سلێمانی 100 هەزار دیناریش دەدەم بە کرێکار کە لێی دەکەنەوە، لەوێ کیلۆم بە 200 دینار فرۆشتووە، ئیتر ئەمە هەمووی زەرەرە بۆ ئێمە".

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "بڕیاربوو لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکەوە بڕیار لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتە و پەتاتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە بدەین، لەپێناو سوودی گشتی جووتیاران، بەڵام وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە بیانووی ئەوەی کە بەرهەمی ناوخۆی لە ئاست خواست نییە بڕیاریدا بە هاوردەکردنی تەماتە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەیە کە پێشتر کراوە، وەک کاردانەوەیەک وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە بازگەکان رێگری لە هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی بکرێت کە ئێستا لە کوردستان وەرزی پێگەیشتنیانە".

لە 19ی ئەم مانگە ژمارەیەک جووتیاری پێبجوێن وەک ناڕەزایی چوونە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەغدا و داوایان کرد، رێگری لە هەناردەی تەماتە بکرێت،

 پێنجوێن ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیتە و تەنها لەو شارۆچکە پان و بەرینەدا دەتواندرێت بەشی تەواوی عێراق بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم بهێندرێت، بەڵام بەهۆی کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ زیانێکی زۆر بەر جووتیارانی ناوچەکە کەوتووە بەتایبەتی لە بەرهەمی تەماتەدا.

Fly Erbil Advertisment