دادگای فیدراڵی داوایەک دژی ناردنی 700 ملیارەکە رەتدەکاتەوە

باڵەخانەی دادگای فیدراڵی
باڵەخانەی دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

دادگای فیدراڵی داوای پەرلەمانتارێکی بۆ دەرکردنی 'ئەمری ولائی' بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق تایبەت بە پێدانی قەرزێک بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا داواکاری پەرلەمانتار موستەفا سەنەدی رەتکردەوە بۆ دەرکردنی 'ئەمری ولائی' بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ژمارە 23500 و 23520 لە ساڵی 2023 تایبەت بە پێدانی قەرزێک بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ سێ مانگی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاری ئەو پەرلەمانتارە، سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەی خستەڕوو، "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ یاسایی و دەستوورییە و، پێدانی قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی کراوە، بۆیە داواکەی ئەو پەرلەمانتارە رەتکراوەتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بریار وایە هەتا یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بە دوو قۆناغ بڕی 700 ملیار دیناری قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و لەسەرفەرمانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بەزووترین کات مووچە دابەشدەکریت".

لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە و، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند: "سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەممووز تەرخاندەکرێت".

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت رۆژی 14ی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.