یەکەم بانکی نیشتمانی حکومی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

K24 – هەولێر

لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ بانکی نیشتمان وەک یەکەم بانکی حکومی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.

بڵند محەممەد، بەڕێوبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/9/2023، لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران یەکەم بانکی حکومی بەناوی (نیشتمان) تۆمارکرا، کە کۆمپانیایەکی گشتیی و بانکێکی حکومییە و پەیوەندی راستەوخۆی دەبێت لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق.

گوتیشی: "هەموو تایبەتمەندی و ئاسانکاری بانکی جیهانی لە بانکی نیشتمانیدا هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستی ئەوەیە مووچەخۆران سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو بانکە وەربگرن، هاوکات ئەمە دەبێتە ئاسانکاری زیاتر بۆ گواستنەوەی پارە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، کە پێویست بە گۆڕینەوەی پارە و هەندێک رێکاری دیکە ناکات، هاوشێوەی بانکی ناوەندی، سیستەمی بانکی و سیستەمی مووچەخۆرانی تێدایە".

بڵند محەممەد، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کۆمپانیایە وەک کۆمپانیایەکی گشتی حکومی دامەزرا، پێشتر بەشێک لە رێکارەکانی لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەستپێکراوە، دەستەی دامەزرێنەرانی لە وەزیری دارایی و ژمارەیەک ئەندامی دیکە پێکهاتووە، لە قۆناغەکانی داهاتوودا رێکارەکانی ئەو بانکە لە بانکی ناوەندی تەواو دەکرێت".