شێروان دووبەردانی: قبووڵی ناکەین دانیشتنی پەرلەمان بکرێت و دەنگ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەدرێت

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هاوهەوڵوێستن و "قبووڵی ناکەین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکرێت و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەدرێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چاوەڕێدەکرێت پێش ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لەوانەیە دوای کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بکرێت. کێشەکە ئەوەیە هەندێک لایەنی سیاسیی قبووڵی ناکەن هەڵەبجە ببێتە پارێزگا و مەرجیان هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی بدەن".

شێروان دووبەردانی گوتیشی، "هەندێک لایەنی سوونی و شیعی داوا دەکەن تەلەعفەر، دووزخۆرماتوو، زوبێر و فەلوجەش ببنە پارێزگا، ئینجا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدەن، بەڵام ئێمە ئەوە چەندەمان رەتکردووەتەوە و قبووڵی ناکەین دانیشتنی پەرلەمان بکرێت و بڕگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە خشتەی کاری دانیشتەنەکەدا نەبێت".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختیشی لەوە کردەوە، "موحسین مەندەولای، جێگری یەکەم و  شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هاوهەوڵوێستن لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە".