كوه‌یت داوا له‌ عێراق ده‌كات، نه‌خشه‌ی سنووره‌ ئاوییه‌كانی نێوانیان دووباره‌ دیاریبكرێته‌وه‌

ئاڵای عێراق و کوەیت.
ئاڵای عێراق و کوەیت.

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی كوه‌یت داوا له‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق ده‌كات، نه‌خشه‌ی سنووره‌ ئاوییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و عێراق دووباره‌ دیاریبكرێته‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیۆیۆرك، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شێخ ئه‌حمه‌د نه‌واف ئه‌حمه‌د ئه‌لسوباح، سه‌رۆكوه‌زیرانی کوەیت له‌باره‌ی پرسه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ سنووره‌ ئاوییه‌كانی نێوان عێراق و كوه‌یت كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی كوه‌یت داوای له‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی كرد، دووباره‌ سنووره‌ ئاوییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌گوێره‌ی یاسا و بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دیاریبكرێنه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، حوكمی عێراقی له‌باره‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ره‌وتی ده‌ریاوانی له‌ خور عه‌بدوڵڵا هه‌ڵه‌ی مێژوویی تێدایه‌ و پێویسته‌ عێراق رێكاری به‌په‌له‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ بگرێته‌به‌ر.

رۆژی (16ـی ئەیلوولی 2023)، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان به‌كر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت بۆ كاروباری نیشتمانی عه‌ره‌بی، یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تی له‌باره‌ی بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی به‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی عێراق و كوه‌یت له‌سه‌ر به‌نده‌ری ده‌ریایی خور عه‌بدوڵڵا، راده‌ستی مه‌نهه‌ل سافی باڵیۆزی عێراق له ‌وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت ئاماژه‌ی بەوەداوە، یاداشته‌كه‌ له‌باره‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌ریایی خور عه‌بدوڵڵایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2013 به‌پێی یاسای 42 له‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئوممه‌ی كوه‌یتییه‌وه‌ هه‌مان ساڵ له‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان دانراوه‌.