رەئیسی: رێگە نادەین هیچ گرووپێکی چەکداری دژ بە ئێران لە نزیک سنوورەکان نیشتەجێ بێت

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

K24 - هەولێر:

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ گرووپێکی چەکداری دژ بە ئێران لە نزیک سنوورەکان نشتەجێ بێت.

ئیبراهیم رەئیسی لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق بە ئاماژەکردن بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران رایگەیاند، "چەککردنی گرووپە چەکدارەکان"ـی نشتەجێی عێراق هەنگاوێکی ئەرێنی بووە و سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە چەند گرووپێک رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

رەئیسی گوتیشی: ئێمە رێگە نادەین هیچ گرووپێکی چەکدار لە نزیک سنوورەکانی ئێران چ لە ناو هەرێمی کوردستان و چ لە هەر شوێنێکی دیکە چالاک بێت و دەبێ دڵنیا بینەوە ئەو گرووپە چەکدارانە چەک دەکرێن.