وەزارەتی بازرگانی: تا ئێستا نیوەی پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە رەوانە کراوە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستا بڕی 233 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە رەوانەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رۆژی وەرگرتنی گەنمەکان شایستەکان بەسەر جووتیاراندا دابەشکراوە.

ئەمڕۆ هەینی(22ـی ئەیلوولی 2023)، لە میانەی راگەیەندراوێکدا نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکۆی 411 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵ تا ئێستا بڕی 233 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە رەوانەکراوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بنەمای رۆژی وەرگرتنی گەنمەکان شایستەکان بەسەر جووتیاراندا دابەشکراوە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، لە ئایندەدا ئەو بڕەی تر کە ماوە  178 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دینار دەنێدرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.

رۆژی (19ـی ئەیلوولی 2023)، سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی ئەمساڵی جووتیاران ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكانی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقیش زامنی ئه‌وه‌یان كردووه.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

هاوکات دوای سەردانەکە بڕەکە زیادکرا و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بڕیاریدا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.

Fly Erbil Advertisment