ژمارەیەک چەکدار دەیان قوتابی لە زانکۆیەکی نێجیریا دەڕفێنن

K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ شەممە دانیشتووانی ویلایەتی زامفارا رایانگەیاند، چەکدارەکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە زانکۆیەک و دەوروبەرییان کردە ئامانج لە ویلایەتی زامفارا لە باکووری رۆژئاوای نێجیریا، زیاتر لە 30 کەسیان رفاندووە کە لانیکەم 24یان خوێندکاری کچن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، چەکدارانی سەر بە باندە تاوانکارییەکان، هێرشیان کردە سەر گوندی سابۆن گیدە، لەناو جەرگەی زانکۆیەکی فیدراڵی لە نزیک گوساوی پایتەختی ویلایەتەکە، هێرشیان کردە سەر سێ بەشەناوخۆیی کچان، بە گوێرەی گوتەی دانشتووانی ناوچەکە ژمارەیەک لە کچانی بەشەناوخۆیەکە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی نزیک بەشەناوخۆییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەمە یەکەم رفاندنی بەکۆمەڵە کە زانکۆیەک دەکاتە ئامانج لەدوای دەستبەکاربوونی بۆلا ئەحمەد تینوبوی، سەرۆککۆماری نێجیریا، هاوکات تینوبوی بەڵێنی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی داوە.
شەهابی موسا، دانیشتووی گوندی سابۆن گیدە دەڵێت: "چەتەکان بە ماتۆڕسکیڵ هەڵیانکوتایە سەر ناوچەکە، لە دواییدا هەڵیانکوتایە سەر بەشەناوخۆی کچان و توانیویانە بە شکاندنی پەنجەرەکان بچنە ژوورەکانەوە".
موسا کە لە نزیک بەشەناوخۆیی قوتابییە کچەکان دەژی، ئاماژەی بەوەشدا،"بەلایەنی کەمەوە 24 خوێندکاری کچیان لە بەشەناوخۆیی بردووە لەگەڵ دوو دراوسێی ئەو بەشەناوخۆییە کە یەکێکیان کارمەندی زانکۆ بووە".
بە گوتەی هاووڵاتییەک بە ناوی شێهو هاشمو،" دواتر هێرشبەرەکان چوونەتە ناو زانکۆکە و نۆ کرێکاریان رفاندووە کە لە شوێنی دروستکردنی باڵەخانەیەکی نوێدا کاردەکەن لەکاتێکدا خەوتبوون". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە کرێکارەکان توانیویەتی لە دەستی ئەو چەکدارانە رابکات و خۆی رزگار بکات.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، هێزە ئەمنییەکان گەشتنە شوێنی رووداوەکە و لەگەڵ هێرشبەرەکان بە تەقە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، بەڵام هێرشبەرەکان بوونە دوو گرووپ، گرووپێکیان بارمتەکانیان رفاند و رایانکرد، گروپێکی دیکەش لەگەڵ سەربازەکان بە تەقە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
دیمەنە ڤیدیۆییەکانی دوای هێرشەکە لە ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە، وێرانکاری ژوورەکانی بەشەناوخۆییەکە و شکاندنی پەنجەرەکانی دەرکەوتووە.
یەزید ئەبوبەکر، گوتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی زامفارا بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی بخاتەڕوو، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و روونیکردەوە، کە دەزگا ئەمنییەکان کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن.
زامفارا لەنێو زۆرێک لە ویلایەتەکانی باکووری رۆژئاوا و ناوەڕاستی نێجیریا کە بەدەست هێرشی باندەکانەوە دەناڵێنن کە هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و دانیشتووانی دەکوژن و دەیانڕفێنن و ماڵەکان تاڵاندەکەن و دواتر دەیانسوتێنن.
باندەکان لە دارستانێکی فراواندا بارەگایان داناوە کە لە نێوان ویلایەتی زامفارا، کاتسینا، کادونا و نیجەر درێژدەبێتەوە، هەروەها پێشتر باندەکان لە ساڵانی رابردوودا رفاندنی بەکۆمەڵیان لە قوتابخانەکان ئەنجامدەدا.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2021، باندەکان هەڵیانکوتایە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە شارۆچکەی جەنگێبێ لە ویلایەتی زامفارا و زیاتر لە 300 خوێندکاریان رفاند.