کورد و تورکمان لە کەرکووک داوای زیادکردنی پشکی دامەزراندن دەکەن
K24 – کەرکووک:
وا بڕیارە بەشێوەی گرێبەست (2550) پۆلیس بۆ کەرکووک دابمەزرێنرێت، رێژەی کورد لەو دامەزراندنە %20ـە، لە کاتێکدا کورد %50 زیاتری دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنن، کورد و تورکمانیش ناڕازین و دەڵێن، ئەم پشکی دامەزراندنە بە نایەکسانی دابەشکراو و زۆرینەی دامەزراندنەکە بە عەرەب دراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە کە (2550) کەس وەک پۆلیسی گرێبەست بۆ کەرکووک دامەزرێنێت، بەڵام لەو رێژەیە (350)کەسی کوردە و (340)ـی دیکەشی تورکمانە، (1860) کەسی عەرەبن و بەشێکی زۆریان لەشارەکانی دیکەی عێراقەوە هێنراون و لەکەرکووک دامەزراون.
سامان حەکیم، مامۆستای سەرەتایی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو رێژە دامەزراندنەی بۆ کورد دیاریکراوە رێژەکە زۆر کەمە و ئەمەش "تەعریب"ـە، رێژەی کورد %20 لەم شارە دانراوە، لە کاتێکدا رێژەی کورد لەم شارە زۆر زیاترە لە عەرەب، کەچی رێژەی عەرەب زیادکراوە بۆ دامەزراندن".
لەلایەن خۆیەوە، ماردین کوک قایە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە لە هەموو بۆنەکاندا داوای یەکسانیمان کردووە لە دامەزراندنەکان، داوامانکردووە رێژەی %32 بۆ هەموو پێکهاتەکان دامەزراندن ئەنجامبدرێت، ئەمڕۆ رێژەی کورد و تورکمان لەچاو عەرەب زۆر کەمە و نایەکسانی هەیە لە دامەزراندنەکەی پۆلیسی کەرکووک".
لەکەرکووک زۆرینەی دامەزراندنەکان بە نایەکسانی دابەشدەکرێت، کورد کە رێژەی %50ـی دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنێت، بەڵام لەهیچ دامەزاندنێک پشکی %20 زیاتری پێ نەدراوە، هەروەها پشکی تورکمان لە دامەزراندنەکە کەمە و رێژەکە %20ـە، داوا دەکەن رێژەکەی بەرزبێتەوە بۆ %32.
دامەزراندنەکەی پۆلیسی کەرکووک یەکەم هەوڵ نییە بۆ سڕینەوەی کورد، پێشووتر چەند جارێک هەوڵی وادراوە و سەری گرتووە، بەڵام نازانرێت ئەم هەوڵە تازەی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک سەر دەگرێت یان نا!.
دوای جێگیرکردنی دامەزراندنی 150 هەزار پلەی دامەرزراندن بە گرێبەست لە یاسای بودجەی گشتی، 7310 هەلی دامەزراندن بۆ پشکی پارێزگای کەرکووک تەرخانکراوە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووکەوە بەشێوەیەکی دادپەروەدانە دابەشنەکراوە و پشکی ناوچە کوردییەکان کەمکراوەتەوە و دراوەتە ناوچە عەرەبنشینەکان.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، لە پشکی کەرکووک بۆ دامەزراندن، جگە لەسەنتەری شار، جیاکاری لە نێوان قەزاو ناحییەکان کراوە و ناوچە کوردنشینەکان بەراود بە عەرەبنشینەکان ژمارەیەکی کەمیان بۆ دیاریکراوە، بە جۆرێک شارەدێی قەرەهەنجیر 56 پلە و شوان 53 پلەی دامەزراندنیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام بۆ حەویجە 552 پلە و بۆ شارەدێکانی عەباسی 249 پلە، ریاز 277 پلە، زاب 263 پلە و رەشاد 131 پلەی دامەزراندنیان بۆ تەرخانکراوە.
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، رۆڵ و پێگەی کورد لە دامودەزگا فەرمییەکان کەمکراونەتەوە و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی پێگەی کورد دەدرێت و جیاوازی و جیاکاریش لە رووی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی پرۆژەکانیش لە نێوان ناوچەکاندا دەکرێت و بەشێوەیەک ئەو گەڕەک و ناوچانەی کوردنشینە، کەمترین خزمەتی پێشکەشکراوە.