روونکردنەوە لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە و دابەشکردنی مووچە دەدرێت
K24 – هەولێر:
لەبارەی ناردنی بە قۆناغی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، بانکیی ناوەندیی عێراق کێشە نەختینەی هەیە بەڵام هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نییە.
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، لیستی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە، مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئهمڕۆ 250 ملیار له بهغداوه بۆ مووچهی فهرمانبهران و مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان گهیشتووه و چاوهڕوانی گهیشتنی تهواوی 700 ملیار دینارەکە دەکەن.
مهولوود سابیر ئاماژەی بەوەشکرد، بانكی ناوهندیی عێراقی بهپێی ئهو یهدهگهی له بانكەکانی رافیدهین، رهشید و بازرگانی عێراق هەیە، ئهو 700 ملیار دینارهی بڕیاری لهسهر دراوه، بۆ ههرێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.
بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لە دابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە و لە چەند رۆژی داهاتووش بڕەکانی دیکە دەخرێنە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی و دابەشکردنی مووچەش بەپێی لیستی بڵاوکراوەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قهرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.
دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.