شارەزایەکی وزە: هەناردەکردنی نەوت لە باکوورەوە بۆ باشوور تێچوویەکی زۆر لەسەر عێراق دەکەوێت
K24 – هەولێر
شارەزاییەکی بواری وزە رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هێڵی بۆری جەیهانی تورکیا زیانی گەورەی بە عێراق گەیاندووە، دەشڵێت: گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە تێچووی کەمترە و سەلامەتتر و پارێزراوترە نەک شەمەندەفەر و تانکەر.
شارەزای بوارەکانی سەلامەتی و وزە، سەباح علو، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی هێڵی بۆری جەیهانی تورکیا زیانی گەورەی بە عێراق گەیاندووە، گفتوگۆکانی عێراق و تورکیاش نەیانتوانی بگەنە چارەسەرێک بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی گەیارە لە موسڵ بە تانکەر و شەمەندەفەرەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی باشوور.
باسی لەوەشکرد، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە تێچووی کەمترە و سەلامەتتر و پارێزراوترە، هەربۆیە پێویستی بە بەرنامەسازی هەیە لە کاتی پڕکردنەوە و گواستنەوە لە چوارچێوەی رێکارە توندەکانی سەلامەتی، چ لە تانکەر یان شەمەندەفەر بێت،هەروەها پێویستە ئەو تانکەرانە یان شەمەندەفەرانە بە بەتاڵی نەگەڕێنەوە، بەڵکوو پێویستە ئەو کەل و پەلانە هەڵبگرێت کە موسڵ پێویستی پێیەتی، یان دوای بەتاڵکردنەوە پاک بکرێتەوە، ئەگەر بەبەتاڵی گەڕایەوە کە ماوەکەی زیاتر لە 700 کیلۆمەترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شێوازەی گواستنەوەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی نەوت، هەروەها زیانێکیشە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەشڵێت: گرنگە بەغدا بتوانێت، لە رێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنقەرە، بگاتە رێککەوتنێک کە چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات، کە ناوچەکە نوێنەرایەتی نەوت و ئاو و ئاسایش و بازرگانی دەکات.
لە مانگی رابردوودا، لە دوایین سەردانی شاندی تورکیا بۆ بەغدا، شاندەکەی تورکیا، چەند مەرجێکی خستەڕوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، لەوانەش تێچووی گواستنەوەی نەوتەکە، هەروەها کشانەوەی ئەو سکاڵایەی پێشکەشی دادگای نێودەوڵەتی کراوە.
سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، رائید ئەلعوبەیدی رایگەیاند، کۆمپانیاکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت رۆژانە نەوتی خاو لە رێگەی تانکەر و شەمەندەفەردا بۆ باشوور دەگوازیتەوە و لەوێوەش هەناردەی بازاڕەکان جیهان دەکات.
تورکیا لە 25ی ئاداردا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگرتووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو بڕیارەی کە دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەریکردبوو، ئەمەش بە پشتبەستن بە داوایەکی یاسایی کە عێراق پێشکەشی ئەو دەزگایە نێودەوڵەتییەی کردبوو و تورکیای پابەندکردبوو بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پێدانی یەک ملیار و نیو دۆلار بە عێراق.