پێکهاتەکان هەوڵی کەمکردنەوەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بە هەنگاوێکی سیاسی دەزانن
K24 – هەولێر:
پێکهاتەکان دژی هەنگاوەکانی هەندێ لایەنی سیاسی دەوەستنەوە کە لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر ژمارەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان تۆمارکردووە. پێکهاتەکان دەڵێن: لە عێراق مافە دەستوورییەکانیان پێشێلکراوە، ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی سیاسەتەکانی عێراق ئێستا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کریستیان ئاوارەی دەرەوەی عێراق بوونە.
پێکهاتەکان بەرامبەر هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان دەست بە جووڵە دەکەن، وەزیری هەرێم بۆ کارووباری پێکهاتەکان لەگەڵ نوێنەری تورکمان و کریستیانەکان کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد تایبەت بەو سکاڵایانەی کە لە دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون.
لەم بارەیەوە ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کارووباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر گرفتێکی تایبەت بە پێهاتەکان پێویستە بە راوێژکاری نوێنەرانی پێکهاتەکان ئەنجامبدرێت، حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە پێکهاتەکان دەکات و گشت مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زامن کراوە.
بەشێک لەو سکاڵایانە لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون، بۆیە پێکهاتەکان ئەم سکاڵایەنە بە هەنگاوێکی سیاسی دەزانن.
لەلایەن خۆیەوە، رزگار شەمعون، چاودێری سیاسی کریستیان، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو هەنگاوەی هەندێک لایەنی سیاسی دژی پێکهاتەکان بە شتێکی زۆر خراپ دەبینین، بەهۆی ئەوەی پێکهاتەکان پێشتر رێژەیان زیاتر لە ملیۆنەک بوو لە عێراق، بەڵام لە سایەی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی حکومەتی عێراق، دادگای فیدڕاڵی و هاوشێوەکانی بەرامبەر بە پێکهاتەکان وایکردووە 200 هەزار هاووڵاتی کریستیان ئاوارەی دەرەوەی عێراق بن.
ئەمڕۆ سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023)، هیمداد سەباح، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پرسی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی جیاواز زەق کراوەتەوە، وای لێهاتووە لە هەرێمی کوردستان لە ئەگەری روودانی گرفتی بچووکیش هەندێک لایەن هانا بۆ دادگای فیدڕاڵی ببەن، ئەوەش هەستێکی نیشتمانپەروارانە نییە، هەروەها ئەو لایەنانە هۆکاربوون پەرلەمانی کوردستان بەو رۆژە بگاتن و بە بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشێتەوە.
لەبارەی سکاڵای هەندێک لایەنی سیاسی لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دەبێت دادگای فیدڕاڵی پێش بڕیاردان لێکۆڵینەوەی ورد بکات ئینجا بڕیاربدات، هەروەها ئەو بڕیارانەشی کە دەیدات نابێت لایەنگیری پێوە دیار بێت و دەبێت لە بەرژەوەندی گشتی بێت.
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی پێکهاتەکان دراوە، هەروەها "ئێمە لەو کابینەیەدا وەزیرێکمان پێ دراوە ئەوەش خۆی لە خۆیدا گرنگیدانە بە پێکهاتەکان".
هیمداد سەباح، هەروەها راشیگەیاند، زۆربەی حزبە کوردستانییەکان کێشە و گرفتی ناوخۆییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەرانی خۆیان لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە لە پەرلەمانی کوردستان لاواز بن، بەڵام راستی خۆیان بەدیار ناخەن و پێکهاتەکانیان کردووەتە ئامانج و ناهێڵن پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
