ئەمەریکا هاوکارییەکانی بۆ وڵاتێکی ئەفریقا راگرت

.
.

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، کە ئەمەریکا بڕیاری داوە بەشێک لەو هاوکارییانە رابگرێت کە بۆ گابۆن تەرخانکرابوو، راگرتنەکەش لە دوای ئەو کودەتایە سەربازییە دێت کە مانگی رابردوو لەم وڵاتە روویدا.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "حکومەتی ئەمەریکا بەشێک لە بەرنامەکانی یارمەتی دەرەکی رادەگرێت کە سوود بە حکومەتی گابۆن دەگەیەنێت تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو دەستێوەردانە نادەستوورییە ئەنجام دەدەین کە ئەندامانی سوپای ئەم وڵاتە ئەنجامی داوە".

لە راگەیەندراوەکەدا بڕی ئەو هاوکارییانەی کە راگیراون و هەروەها ئەو بەرنامانەی کە راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، دیاری نەکراوە.

بلینکن روونیکردەوە کە ئەمەریکا پابەندە بەو رێوشوێنانەی کە رێکخراوە ناوچەییەکان و وڵاتانی دیکە گرتوویانەتەبەر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم رێوشوێنانە بەردەوام دەبن لەکاتێکدا ئێمە لە گابۆن لە راستییەکان دەکۆڵینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، کە خزمەتگوزاری کونسوڵگەری و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: ئێمە بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنە حکومییەکانمان لە گابۆن، لەوانەش ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان بۆ پاڵپشتی هاوڵاتیانی ئەمەریکی.

لە 30 ئابدا، سوپای گابۆن کودەتایەکی سپی، واتە( بێشەڕ و خوێن ڕشتن) بەسەر عەلی بۆنگۆ ئۆندیمبای سەرۆککۆماری گابۆن دا داکرد، کە ماوەی 14 ساڵ بوو دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو.

 

 

Fly Erbil Advertisment