هیلاری کلینتۆن گاڵتە بە پوتن دەکات
K24 - هەولێر
هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، گاڵتەی بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کرد، گاڵتەکردنەکەش بەهۆی فراوانبوونی ناتۆ بووە لەو کاتەوەی هێزەکانی رووسیا دەستیان بە داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا کردووە.
لە پەراوێزی کۆنفرانسێکدا بۆ پەردەلادان لەسەر وێنەی فەرمی ئەو لە وەزارەتی دەرەوە، کلینتۆن بە گاڵتەجاڕیەوە گوتی "بەداخەوە ڤلادیمێر، تۆ ئەمەت بەسەر خۆت هێنا."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە هەمیشە گوتوومانە هیچ کەسێک ناچار نییە پەیوەندی بە ناتۆوە بکات، ئاماژەی بە بڕیاری سوید و فینلاندا کرد بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی رووسیا دەستی بە هێرشەکانی کرد بۆ سەر ئۆکرانیا، ستۆکهۆڵم و هێلسنکی هەوڵیاندا بچنە ناو ناتۆوە.
پوتن پێی وابوو نزیکی ئۆکرانیا لە ناتۆ یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە بووەتە هۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.
هیلاری کلینتۆن لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بووە، لە ساڵی 2016دا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپی کۆمارییەکان دۆڕا.
دواتر لیژنەیەکی ئەنجومەنی پیران گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مۆسکۆ هەوڵیداوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە لە بەرژەوەندی ترەمپدا بگۆڕێت.