سەرۆککۆماری عێراق: پێویستە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە بکرێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ زانینی رووداوی ئەو ئاگرەی کە دوێنێ لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانییە کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تێدا گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پلاتفۆرمی "X" نوسیوویەتی، ئەوەی بەسەر منداڵەکانماندا هات لە قەزای حەمدانییە کارەساتێکی پڕ لە ئازارە و رووداوێکە کە دڵی ئێمە و دڵی هەموو عێراقییەکانی خەمبار کردووە، هەروەها لە نوسینەکەیدا، هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان خواستووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: جەخت لەسەر لێکۆڵینەوە و زانینی رووداوەکە و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی سەلامەتی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی دەکەین.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، بەگوێرەی راپۆرتی سەرەتایی لەبارەیت ئاگرەکەی دوێنێی قەزای حەمدانییە، رووداوەکە تاوانکاری نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی رێوشوێنی سەلامەتی بووە.
مانگی سووری عێراق رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی حەمدانییە بۆ زیاتر لە 450 کەس بەرزبووەتەوە، کە لانیکەم 114 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لای خۆیەوە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) لە تویتێکدا دەڵێت: هەست بە شۆک و ئازار دەکات بەهۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی بەشداربووانی ئاهەنگەکە و بە کارەساتێکی گەورە ناوی برد.
شەوی رابردوو لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانییە، ئاگرێک کەوتەوە کە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، کە بەشێک لە بریندارەکان رەوانەی شاری هەولێر کران بۆ چارەسەرکردن. هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.