60 هەزار ئیمەیڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دزەیان پێدەکرێت
K24 - هەولێر:
ژمارەیەک هاککەری چینی دزەیان بە 60 هەزار نامەی ئەلیکترۆنی (ئیمەیڵ)ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیەک فەرمانبەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، هاککەرە چینییەکان لە رێگەی هێرش بۆسەر کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە توانیوایانە زیاتر لە 60 هەزار نامەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دزەپێبکەن.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەشی تەکنەلۆجیای زانیاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە 60 هەزار ئیمەیڵ لە 10 هەژماری جیاوازی وەزارەتەکەوە دزراون، کە نۆیان کاریان لەسەر رۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن کردووە و یەکێکیان کاری لەسەر ئەوروپا کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سەرەتای ئەم مانگە ئاشکرایکرد، لەرێگەی هێرش بۆسەر هەژماری یەکێک لە ئەندازیارەکانیان، هەزاران ئیمەیڵی کۆمپانیاکە دزەیان پێکراوە.