بەرگری ئۆکرانیا: 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیامان خستە خوارەوە

K24 - هەولێر

سوپای ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیای خستووەتە خوارەوە، کە شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئۆدیسا و میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیا.

گوتەبێژی فەرماندەیی سەربازی باشووری ئۆکرانیا، ناتالیا گۆمێنۆک لە پلاتفۆرمی تێلێگرامدا رایگەیاند، شەوی رابردوو رووسیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئۆدیسا و میکۆلایڤ، بەڵام لەلایەن بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خرانە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رووسیا لە فشارکردن و گەڕان بەدوای تاکتیکی نوێدا ناوەستێت، واتە هێرشی گەورە ئەنجام دەدات".

دەشڵێت: "ئێستا ئەوە روونبووەتەوە کە بەڕاستی هێرشێکی گەورە بووە. بەڵام کاری بەرگری ئاسمانی زۆر کاریگەرتر بووە، چونکە زیاتر لە 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوچوون".

مۆسکۆ لە مانگی تەمموزەوە لەو رێککەوتنە کشایەوە، کە رێگەی بە ناردنی دانەوێڵە دەدا بە شێوەیەکی سەلامەت لە رێگەی دەریای رەشەوە. لەوکاتەوە رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ لە باشووری ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.