ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان: نزیکەی 500 چەکداری داعش لە عێراق ماون

K24 - هەولێر

ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، نزیكه‌ی 500 چه‌كداری داعش له‌عێراقدا ماون.

ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، داعش توانا سه‌ربازییه‌كانی و وه‌رگرتنی چه‌كداری نوێی له‌ده‌ستداوه‌ و به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانیان نزیكه‌ی 500 چه‌كداری داعش له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و زۆربه‌یان له‌ ناوچه‌ی وادی شای و وادی زه‌یتون و چیای حه‌مریندان.

خه‌فاجی راشیگه‌یاندووه‌، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هێرشە ئاسمانییە تایبەتەکان لەو ناوچانە بۆ نەهێشتنی شانەکانی داعش لە ماوەی رابردووشدا سەرکەوتنی ئەمنی گەورە بەدەستهاتووە و زۆرێک لە سەرکردە دیارەکانی لەدەستداوە.

پێشتر یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، ژمارەی چەکدارەکانی داعش لە عێراق 700 چەکدار زیاتر تێپەڕ ناکات کە "بەشێوەی مەفرەزەی سێ کەسی و حەوت کەسی دابەشبوونە".

بەگوێرەی ئاماری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئایار زیاتر لە 100 چەکداری داعش لە عێراق کوژراون.

رێکخراوی داعش وەک پاشماوەی ئەلقاعیدە، بە سەرۆکایەتی ئەبوبەکر بەغدادی لە ساڵی 2014 هێرشەکانی لە عێراق چڕکردەوە، لە 10ی حوزەیرانی هەمان ساڵ شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەکی عێراقی داگیرکرد، ئەمەش بە شکستێکی گەورە بۆ سوپا و هێزە عێراقییەکان هەژمار کرا.

دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی لە 16ی تشرینی یەکەمی 2016 ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بە بەشداری هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، بە پاڵپشتی هاوپەیمانان دەستپێکرد، لە 21ی تەممووزی 2017 کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ راگەیەندرا.