خەمیس ئەسعەد: لە رووداوەکەی حەمدانییە 98 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون

K24 – هەولێر:
بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکەی قەزای حەمدانییەوە گەیشتووەتە 98 کەس و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن، هاوکات گوتیشی: سوپاس و پێزانینیان بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کورستان هەیە کە هەر لەسەرەتای کارەساتەکەوە بەدەم لێقەوماوانەوە چوون و نەخۆشخانەکانیان بۆ برینداران واڵاکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، خەمیس ئەسعەد، بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانجمان لەم سەردانە بەدوداچوونە بۆ دۆخی برینداران، سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو هاوکارییانەی کە پێشکەشی بریندارەکانیان کردووە و بەڕاستی هەوڵی زۆریان بۆ یارمەتیدانی برینداران داوە بۆ ئەوەی ژیانیان رزگاربکەن.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان ئەمە جاری یەکەمی نییە هاوکاری پێشکەش بەلێقوماوان دەکات، هەروەها ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامادەییمان تێدایە ئەگەر پێویستی کرد بریندارەکان رەوانەی دەرەوەی عێراق بکەین.
خەمیس ئەسعەد، دەڵێت: بەپێی ئەو ژمارەی لامانە تا ئێستا 98 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاترە لە 100 کەسیش برینداربوون، کە بەشێکییان رەوانەی هەرێمی کوردستان کراون بۆ چارەسەر بە سوپاسەوە.
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمهرجهنسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو، هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد.
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.