پوتن: دانیشتوانی ناوچەکانی ئۆکرانیا خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە رووسیا
K24- هەولێر
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، دانیشتوانی ناوچەکانی ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی مۆسکۆدایە، خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە رووسیا لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەدا.
لە وتارێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە لکاندنی چوار بەشی ئۆکرانیا ڤلادیمێر پوتن رایگەیاند، بژاردەی پەیوەندیکردن بە رووسیا بەهێزتر بووە بەهۆی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم مانگە بەڕێوەچوو کە ئەو بەرپرسانەیان هێنایەوە کە پاڵپشتی پەیوەندیکردنیان بە رووسیا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەک چۆن ساڵێک لەمەوبەر لە ریفراندۆمە مێژووییەکەدا روویدا، گەلانی ناوچەکە جارێکی دیکە خواستی خۆیان بۆ بوون بەشێک لە رووسیا دەربڕی، بەمەش دووپاتیان کردووەتەوە کە پشتیوانی هاووڵاتیانی خۆیان کردووە، کە لە رێگەی کار و کردارە راستەقینەکانیانەوە سەلماندیان کە شایەنی متمانەی خەڵکن".
پوتن هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە، کە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022دا، خەڵکی لە دەستی سەرکردە ناسیۆنالیستەکان لە کیێڤ رزگار کردووە.
لە 30ـی ئەیلوولی 2022، بەشێک لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا - دۆنێتسک، لوگانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە فەرمی خرانە سەر رووسیا، کە مۆسکۆ بە گوتەی خۆی زۆرینەی دەنگەکان لە بەرژەوەندی ئەوان بووە.
لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجامەکانیان بە بێ مانا و نایاسایی ناوبرد و رەتیانکردەوە و گوتیان: تۆقاندنیان لەناو خەڵکی ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە.
لە شوباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەدەیان هەزار سەرباز لەهەردوولا کوژراون و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.