باڵێکی بزووتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی کۆنگرە دەکات

کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک لە سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی
کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک لە سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی

K24 – هەولێر

باڵێکی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی زیادکردنی ئەندامانی کۆنگرە لەلایەن باڵەکەی دیکەوە بایکۆتی کۆنگرەی حزبەکەیان دەکەن.

کامیل حاجی عەلی، بڵاویکردەوە: "بەهۆی زیادکرنی زیاتر لە 170 کەس لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە، بایکۆتی کۆنگرە دەکەین".

بڕیارە ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی دامەزراندن لە سلێمانی ببەستێت، لە کۆنگرەی 12ی بزووتنەوە کێشە کەوتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، دواتر کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوە دەستیان لەکارکێشایەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (رۆژی 5ی شوباتی 2022) کۆنگرەی 12 هەمینی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لە کۆنگرەکەدا تەنیا (کامیل حاجی عەلی) کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێکدا گوتی: "تائێستا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە و هیچیان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام لێک تێنەگەیشتنێک لەنێوان ئێمە و کۆمسیۆن هەبوو، ئەوان پێیان وایە هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی دەبێ کۆنگرەی دامەزراندن بکات، چەند جارێک بەهۆی دۆخەکە و ئەو لەمپەرانەی دەخرانە پێش کۆنگرە دواخرا، ئێستا بڕیاردراوە لە 30/9/2023 کۆنگرە ببەستین".

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکەن ژمارەیان دوو هەزار کەسە و پشتر لیستی ناوەکانیان ئامادە کراوە، راشیگەیاند: "پەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵدەدرێتەوە و دەچێتە قۆناغێکی دیکە، کۆتایی بەو کۆسپ و تەگەرانە دێت کە لە رابردوودا خراونەتە بەردەم بزووتنەوەی ئیسلامی".

ژمارەیەکل لە کادیر و ئەندامانی ناڕازی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سلێمانی گردبوونەتەوە
ژمارەیەکل لە کادیر و ئەندامانی ناڕازی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سلێمانی گردبوونەتەوە