بەریتانیا هەوڵدەدات راهێنەری سەربازی لە ئۆکرانیا جێگیر بکات

K24 - هەولێر
گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت راهێنەری سەربازی لە ئۆکرانیا جێگیر بکات، ئەمە جگە لە مەشق و راهێنان بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا.
گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا بە رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی راگەیاند، بوار هەیە بۆ پێشکەشکردنی مەشقی سەربازی لە ناوخۆی ئۆکرانیا دوای گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای بەریتانیا، گوتیشی: "ئەمڕۆ باسم لەوە دەکردووە کە مەشقەکان نزیکتر بکەمەوە و لە ناو ئۆکرانیاشدا ئەنجامی بدەین".
شاپس جەختی لەوەکردەوە، هیوادارە کۆمپانیا بەرگرییەکانی بەریتانیا وەک BAE Systems بە پلانەکانیان بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی چەک لە ئۆکرانیا بەرەو پێشەوە بچن.
تا ئێستا بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی خۆیان لە ناردنی سەرباز بۆ ئۆکرانیا بەدوور گرتووە، بۆ ئەوەی مەترسیی ململانێی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا کەمبکەنەوە، بەریتانیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا خولی مەشقی سەربازی بۆ ماوەی پێنج هەفتە بۆ نزیکەی 20 هەزار ئۆکرانی دابینکرد، بەنیازە لە داهاتووشدا راهێنان بە ژمارەیەکی لەو شێوەیە بکات.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە رایگەیاند، دەیەوێت کەرتی بەرگری وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی سەربازیی گەورە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکی رۆژئاوایی بۆ زیادکردنی دابینکردنی چەک بۆ هێرشەکانی کیێڤ بۆ سەر رووسیا.