کۆریای باکوور: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم زوڕنالێدەری ئەمەریکایە

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر:

لە وەڵامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە داوای لە کۆریای باکوور کردبوو سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابنێت، وەزارەتی پیشەسازی کۆریای باکوور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاژانسەکەی بە زوڕنالێدەری ئەمەریکا وەسفکرد.

وەزارەتی پیشەسازی کۆریای باکوور جەختی لەوەشکردەوە، پاشەکشە بە سیاسەتی ئەتۆمیان ناکەن و ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دەیکات، جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکانی ئەمەریکایە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەژێرپەردەی درۆکانیدا هەوڵی دوژمنایەتیکردنی کۆریای باکوور دەدات، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان نەزۆک و بێبەرهەم دەبن.

کۆریای باکوور لەساڵی 2006 یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا و لەوکاتەوە تا ئێستا، سوپای ئەو وڵاتە شەش جار تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە.

مانگی رابردوو، تەلەفزیۆنی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور واژۆی لەسەر پرۆژەیاسایەک کردووە کە لەدەستووری وڵات، کۆریای باکوور وەک هێزێکی ئەتۆمی دەناسێنێت.

تەلەفزیۆنی فەرمی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای بڕیاری ناساندنی کۆریای باکوور وەک هێزێکی ئەتۆمی، وڵات تواناکانی زیاتر بۆ بەهێزکردنی سوپا و دامەزراوەکانی تەرخان دەکات.