کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبەین

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان زۆر باشن و دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندیی بازرگانی و کولتووری نێوانیان بدەن.

رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023)، مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، چەندین جۆری ڤیزای هیندستان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەردەستە و کارئاسانی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی هیندستان دەکەن.

مادان گۆپال ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەمیشە زۆر یارمەتیدەر و پشتیوانیمان دەکات، کێشەکانمان چارەسەر دەکەن و هاوکارمانن".

کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر جەختی کردەوە، "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین، هەوڵدەدەین لەرووی کولتوورییەوە بەیەکەوە کارکردنمان زیاتر بکەین، هەر وەک لە بۆنەکەی ئەمڕۆ دەیبینن، هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەکان پەرەپێدەدەین، بەم دواییانە پێشانگەی ئاگرۆپاک لێرە بەباشی بەڕێوەچوو و نزیکەی 50 کۆمپانیای هیندی لە کەرتی کشتوکاڵ بەشدارییان کرد، ئەمە دەرخەری بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانە".

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی کونسوڵخانەکەیانەوە، مادان گۆپال روونیکردەوە، "ئەرکی کونسوڵخانەکەمانە خزمەتگوزاری کونسوڵخانە بۆ هاووڵاتییانی هیندستان دابین بکەین و هەروەها خزمەتگوزاری ڤیزا بۆ هاوڕێ کوردەکانمان دابین بکەین، خزمەتگوزاری تەواویان دەستدەکەوێت، ڤیزا دەردەکەین بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بۆ چارەسەر سەردانی هیندستان بکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بە بۆنەى 154 ساڵەى له‌دایكبوونى مه‌هاتما غاندى و 77 ساڵەى سەربەخۆیی هیندستان، لە پارکى سامى عەبدولرەحمان، تاجە گوڵینە لەسەر پەیکەرى غاندى دانرا. هەروەها لە شاری سلێمانیش لە پارکی هەواری شار، لەبەردەم پەیکەری غاندی هەردوو یادەکە بەرزراگیرا.

لە (17ـی ئەیلوولی 2019)، لە هەولێر پەردە لە سه‌ر په‌یكه‌ری "غاندی" بۆ یادی سەربەخۆیی هیندستان و 150 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی لادرا، غاندی (1869 -1948) یەکێکە لە گەورە سەرکردە سیاسیەکانی سەدەی بیستەم، ھیندییەکان ناویان نا مەھاتما واتا "گیانی مەزن"، رۆڵی هەبوو لە ئازادکردنی ھیندستان لە دەسەڵاتی بەریتانی بە شێوازێک کە تەنھا بەرگری بوو دوور لە توندوتیژی، ھیندییەکان وەکو باوکی نەتەوەیی خۆیان دایدەنێن.