عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێکی دیکە لە حزب دەربکات

K24 - هەولێر

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی حزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێک بهێنێتە نێو کاری حزبی و یان کەسێک لە حزب دەرکات. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمڕۆ کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی کۆنگرەی دامەزراندن لە سلیمانی بەڕێوەدەچێت، بەڵام باڵی کامیل حاجی عەلی بەشداری کۆنگرە ناکەن و حزبێکی دیکە رادەگەیەنن.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کاری حزبی کارێکی خۆەبخشانەیە و کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێکی دیکە بێنێتە ناو حزبێک یان کەسێک دەربکات، دەرگا کراوەیە و هەموو کەس ئازادە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەبەستین".

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە، بەڵام بەپێی یاسا و رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێ هەموو حزبێک کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێ، بۆیە بزووتنەوە ئێستا کۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت.

بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان لە کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1987 لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندرا. بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە.

دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، عەلی عەبدولعەزیز رێبەری ئەو کاتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لایەن ھێزەکانی ئەمەریکییەکان دەستگیر کرا، ئەمەش وایکرد تاڕادەیەک چالاکییەکانی سست بێت، بەڵام لە ساڵی 2008ـەوە عیرفان عەبدولعەزیز وەکو ریبەری بزووتنەوەی ئیسلامی ناسرا و بزووتنەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.

نزیکەی دوو ساڵە کێشە کەوتووەتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و باڵی کامیل حاجی عەلی، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 5ی شوباتی 2022 بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی لە شاری هەولێر بەست، لە کۆنگرەکەدا تەنیا کامیل حاجی عەلی کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.