ماڵپەڕێکی ئەمەریکی: ئەگەر ئۆکرانیا رووبەڕووی گەندەڵی نەبێتەوە وڵاتان هاوکارییەکانیان بۆ کیێڤ کەمدەکەنەوە

لەگەڵ ئەوەی دژی رووسیا لەشەڕێکی سەختدایە، شەڕی گەندەڵیش یەخەی ئۆکرانیای گرتووە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ماڵپەڕێکی ئەمەریکی باس لەوە دەکات، واشنتن بەردەوام فشار لە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەکات بۆ ئەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، ئەگەرنا هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ کەمدەکەنەوە.

ماڵپەڕی پۆلۆتیکۆی ئەمەریکی بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەنامەیەک لە راپۆرتێکدا پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە ئۆکرانیا هەڵماڵیوە، کە رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ ساردبوونەوەی هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە لەناردنی هاوکاری سەربازیی و دارایی بۆ کیێڤ.

پۆلۆتیکۆ نووسیویەتی، "هەبوونی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەربڵاو بووەتە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی متمانەی گەلی ئۆکرانیا بە حکومەت و دەسەڵاتداران، ئەوەش مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتی زێلێنسکی لەکاتی جەنگدا دروستدەکات".

راپۆرتەکەی پۆلۆتیکۆ لە 22 لاپەڕە پێکهاتووە. ئاماژە بەوەش دراوە، "جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت فشار لە کیێڤ بکات تا لەرووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا چالاکتربێت، چونکە بەردەوامیدان بەو دۆخەی ئێستا هەیە پاساو دەداتە دەست ئەوانەی دژی هاوکاریکردنی ئۆکرانیان، لەناویشیاندا کۆمارییەکان".

لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا، ئەو ماڵپەڕە ئەمەریکییە باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا گفتوگۆکانی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لەپشت پەردەکانەوە لەبارەی پرسی گەندەڵی بەردەوامن، چونکە چەندان بەرپرسی ئۆکرانی لەماوەی جەنگدا سامانێکی زۆریان کۆکردووەتەوە. هۆشداریشیداوە، هەر ساردبوونەوەیەکی ئەمەریکا لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا وادەکات وڵاتانی دیکەش هاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە کەم بکەنەوە.

پۆلۆتیکی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمەریکا بەڵێنی بە ئۆکرانیا داوە هاوکاری بکات لە رووبەڕبوونەوەی گەندەڵی و سەرکوتکردنی گەندەڵکاران، بەتایبەتی بەم دواییانە زیلێنسکی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەگری لە پۆستەکەنیان دوورخستووەتەوە، ئەوەش وەک نیشاندانی نیازپاکی لەوەی ئۆکرانیا جدییە لە رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پابەندبوون بە مەرجەکانی واشنتن بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکان.