زانیاری نوێ له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێم
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێم

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی عێراق رایدەگەیه‌نێت، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بەردەوامن.

ئه‌و بەرپرسه‌ی عێراق قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێت، بەمنزیکانە کۆبوونەوەی دیکەمان لەگەڵ لایەنی تورکی دەبێت و بابەتەکە زیاتر روون دەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانین تورکیا تا چەند رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسە عێراقییە رۆژێک دوای لێدوانەکەی وەزیری وزەی تورکیا دێت لە کۆنفرانسی وزە لە ئەبوزەبی.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەبەوەش دەکات، دەستپێکردنەوە هەناردەی نەوت دەوەستێتەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکان و ئامادەیی تورکیا بۆ وازهێنان لە دانانی مەرجی پێشوەختە و داواکارییەکانی.

دوێنێ ئاڵپ ئارسلان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسی نەوتی ئەبوزەبی ئاشکرایکرد، هێڵی گواستنەوەی نەوتی هه‌رێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان ئامادەیە.

هه‌روه‌ها سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق پێشتر بەکوردستان24ـی راگەیاندبوو، مانگی 10 (تشرینی یه‌كه‌م) بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، یەکلاکەرەوە دەبێت.

ده‌رباره‌ی پرسی دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق پێشتر رایگه‌یاندبوو، راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌، زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت و ناتوانن له‌ به‌رامبه‌ریدا ده‌سته‌وه‌ستان بن، بۆیە هه‌نگاوه‌كانیان بۆ زیادكردنی بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری باشووره‌وه خێراكردووه‌،‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و 500 هه‌زار به‌رمیله‌ی رۆژانه‌ له‌رێگه‌ی به‌نده‌ره‌ توركییه‌كه‌وه‌ هه‌نارده ‌ده‌كران، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاویش توانیویانه‌ له‌ مانگی رابردوودا رۆژانه‌ 50 هه‌زار به‌رمیلی زیاده‌ له‌ رۆژێكدا، له‌ڕێگه‌ی باشووره‌وه‌ هه‌نارده‌ بكه‌ن.

له‌ 25ی ئاداری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دابینبكرێت.