کریستیانەکان رەیان کلدانی بە ئەنجامدەری رووداوەکەی حەمدانییە دەزانن

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی بەیت نەهرێن رایدەگەیەنێت، کریستیانەکان پەنجەی تۆمەت بۆ ملیشیاکانی رەیان کلدانی لەبەرامبەر تاوانەکەی قەزای حەمدانییە درێژ دەکەن لەبەر ئەوەی ئەوان دەستەڵاتدارن و دەشڵیت، رەیان کلدانی بە ئەجێندایەک دژی کریستیانەکان و هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
عامر حوزەیران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی بەیت نەهەرین، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، رەیان کلدانی ئەو ئەجێندایەک جێبەجێی دەکات زیانێکی زۆر بە کریستیانەکان دەگەیەنێت، داواشی لێدەکەن دەست لەو کارە هەڵانەی هەڵبگرێت چونکە بۆ خۆی باش نابێت.
هاوکات راشیگەیاند، کریستیانەکان پەنجەی تۆمەت بۆ ملیشیاکانی رەیان کلدانی لەبەرامبەر تاوانەکەی قەزای حەمدانییە درێژ دەکەن لەبەر ئەوەی ئەوان دەستەڵاتدارن لەو ناوچەیە.
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه نزیکەی 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەرێمی کوردستان رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و دژایەتیشی گەورەتر دەبێت، ئەوانەی هەرێمی کوردستان بە شیمالی عێراق ناودەهێنن لەلایەن دەستی دەرەکی و ناوخۆیە بەکار دەهێنرێن و تەنها وەک ژاوە ژاو بەکار دەهێنرێن لە گۆڕەپانی سیاسی زۆر بچووکیش دەبینرێن.
لەلایەن خۆیەوە، ئاراس عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: کەسایەتی سیاسی ئێستا لە عێراق پەیدا بووە نە پێگەی جەماوەری هەیە، نە ئەو کورسیانەشی کە لە پەرلەمان بە دەستی هێناوە لەو ئاستادا نییە و دەنگی راستەقینەی خۆی نییە، ئەوان بەکاردەهێندرێن بۆ دروستکردنی ئاژاوەی سیاسی لە ناوچەکە بە تایبەتی دژی هەرێمی کوردستان، دژی نەتەوەی کورد و ئایینەکەی خۆشیان لە هەندێک ناوچەدا کاردەکەن، ئەو کەسایەتییە سیاسییە بە دەستێکی دەرەکی و بە ئەجێنداییەکی هەرێمی ئەو کارانە ئەنجامدەدات.
رۆژی دووشه‌ممه (2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا به میدیا عێراقییه‌كانی رایگه‌یاند، پارێزگاری ره‌یان كلدانی و ئه‌سوان كلدانی برای هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له كاروباره ئیدارییه‌كانی نه‌ینه‌وا بكه‌ن و كه‌سانی سه‌ر به خۆیان بخه‌نه ناو داموده‌زگاكان، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی وه‌رگرتنی پۆستی قایمقامیه‌تی قه‌زای حه‌مدانییه ده‌ده‌ن، چونكه قائیمقام له خه‌ڵك و پیاوانی ئایینی ره‌سه‌نی قه‌زاكه نزیكه.