کێڤن مەکارسی: پەشیمان نیم لەوەی هەمیشە حوکمڕانیم بەسەر بۆڵەبۆڵ و قسەدا هەڵبژاردووە

هاتنەدەرەوەی کێڤن مەکارسی لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریاک دوای لەکارلادانی لە پۆستەکەی - وێنە: AFP
هاتنەدەرەوەی کێڤن مەکارسی لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریاک دوای لەکارلادانی لە پۆستەکەی - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

لە یەکەم کاردانەوەی دوای لەکارلادانی لە پۆستەکەی، کێڤن مەکارسی رایگەیاند، پەشیمان نییە لەوەی کردوویەتی، بەڵام هەمیشە ئەنجامدانی کاری راست باجی دەبێت، گوتیشی: ئەوەی کردوویەتی لە بەرژوەندی خەڵک بووە.

کێڤن مەکارسی، دوای لەکارلادانی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، پەشیمان نییە لەوەی هەمیشە حوکمڕانی بەسەر بۆڵەبۆڵ و قسەدا هەڵبژاردووە.

مەکارسی جەختی کردەوە لەوەی، ئەنجامدانی کاری راست هیچ کات ئاسان نییە، بەڵام پێویستە.

گوتیشی: پەشیمان نیم لەوەی هەمیشە حوکمڕانیم بەسەر بۆڵەبۆڵ و قسەدا هەڵبژاردووە، چونکە ئەرکی سەرشانم بووە.

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دوای دوورخرانەوەی لە پۆستەکەی، باسی لەوەکرد، پەشیمان نییە لەوەی گفتوگۆی لەگەڵ دیموکراتەکان ئەنجامداوە، چونکە بە بڕوای مەکارسی، ئەرکی ئەوانە کە چارەسەر بدۆزنەوە.

مەکارسی روونیشیکردەوە، ئێستاش دەتوانێت بە رێگەی جیاواز بجەنگێت بەڵام نەک وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، گوتیشی: جارێکی دیکە خۆم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کاندید ناکەم.

شەوی رابردوو، کێڤن مەکارسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە دەنگی 216 ئەندامی ئەنجومەنەکە لە پۆستەکەی لادراو و پاتریک ماکهێنری بەشێوەیەکی کاتی لەجێگەی دەستبەکاربوو.

مات گایتز کە بە کۆنگرێسمانێکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت سەرپەرشتی هەڵمەتی لێسەندنەوەی متمانەی لە کێڤن مەکارسی کرد و ناوبراوی بە ئەنجامدانی رێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ جۆو بایدن بۆ بەردەوامیدان بەهاوکارییەکانی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند کەسایەتییەک وەک کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ناویان دەهێنرێت ئەوانیش، ستیڤ سکایڵز، کێڤن هێرن و تۆم ئیمیر.

کێڤن مەکارسی کە کۆنگرێسمانێکی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە مانگی یەکی ئەمساڵ دوای 15 خول لەدەنگدان، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، دوای نۆ مانگیش بەدەنگی هەمان ئەنجومەن لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.