محەممەد ئیسماعیل: لە رێگەی هونەرەوە ناخی خۆم ئازاد دەکەم
"غوربەتی، گەورەترین کەسەره لە ژیانم"
K24 - هەولێر
هونەرمەندی شێوەکاری دوورە وڵات محەممەد ئیسماعیل، دوای بۆ نزیکەی 20 ساڵ ژیان لە دەرەوەی وڵات، نەک هەر دانەبڕاوە لە هونەر، بەڵکو تاراوگە بۆ ئەو بووەتە پەنجەرەیەکی نوێ بۆ بە ئەکادیمی بوونی ئەو هونەرمەندە، کە دوای خوێندنی ئەکادیمی ئێستا لە پانتاییەکی فرەوانتر مامەڵە لەگەڵ هونەری شێوەکاری دەکات، لەمەشدا بڕوای وایە، کە هونەر پێش هەموو شتێك ئازاد کردنی ناخی مرۆڤە، بۆیە بەو ستایلە کار دەکات، کە بتوانێت یادگارییەکانی منداڵی و ئازارەکانی مرۆڤ بەرجەستە بکات.
*ئەگەربگەڕێینەوە دوێنێی منداڵیت دەبێت چی بڵین؟
-دەگەڕێمەوە بۆ ساڵی 1971 کە لە تەیراو چاوم هەڵهێناوە، دەڵێم تەیراوە، چونکە ئەو گەڕەکە سەنتەری پێگەیاندنی دەیان هونەرمەند و نووسەر بوو، سەلواو یادگارییەکانی ژیانم لەو گەڕەکە بەرجەستە بوو.
لەبیرمە، لەگەڵ منداڵەکانی گەڕەك، یاریم نەدەکرد ئەوەش بووە مایەی ئەوەی کە زیاتر لەبەر دەرگای ماڵەوە خەریکی دۆزینەوەی پارچە رەژوو یان گیچ بووم لەبەر دەرگادا، بەوەش دەستم دەکرد بە نیگار کێشی لەسەر دیواری ماڵماندا، بەتایبەتی ئەو شتانەی کە دنیای منداڵ بوو.
*کەوابێت هەنگاوی یەکەم لە کوێ دەستیپێکرد؟
- 1991 یەکەم نۆبەرەی پیشانگام بوو، کۆبەرهەمی کارەکانیشم بریتین لە نزیکەی 10 پیشانگا چ لە کوردستان چ لە هاندەران.
* ئەوەی محەممەد ئیسماعیل لە هونەرمەندانی دیکە جیادەکاتەوە چییە؟
-هەر کەسێك رێجکەیەکی هەیە، من جگە لە کارەکانم، پۆرترێت دەکەم بە حوکمی ئەوەی کە زۆر سەرقاڵی کاری ئەنەتۆمی و پۆرترێت دروست کردن بووم.
لێرەش کاری کۆلیژی ئەکادیمیم تەواو کرد دوای پێنج ساڵ خوێندنی بەردەوام.
کارە هونەرییەکانم سەرنجی خەڵکانێك راکێشاوە، جگە لەوەی کە توانیم پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکان دروست بکەم .
*ئا دوای دابڕانت بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ لە کوردستان، ئەو دوورکەوتنەوەیە چی لێ سەندی؟
_گەورەترین شت غوربەتی بوو، کە کەسەرێکی گەورەیە بۆ منی هونەرمەند، دوورکەوتنەوە بوو لە ئاو خاکی ووڵات، دوور کەوتنەوە بوو لە لوقمەی دایکم، کە ئەو غوربەتییە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.
پێت سەتر نەبێت کە بڵێم: کە هەتا بیری تەماتە فرۆشەکانی شێخەڵاش دەکەم، ئێرە بۆ من ماڵی باوان نییە، بەلام لە رۆحی هونەر نزیکتر بوومەوە لێرە کەشێکی دیکە هەیە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە هونەر، دنیایەکە پڕە لە مۆزەخانە و ئەکادیمیە هونەرییەکان، بۆیە بۆمن ئەزموونێکی نووێیە.
*ئەی پۆرترێت؟
_زۆر کاری ئەنەتۆمییو پۆرترێت دروست کردم هەیە ئەوەشم لە ئیستەنبوڵەوە بەچڕی دەستی پێکرد لە کۆتایی نەوەتەکان.
* زۆرترین کاتت بۆ چ پۆرترێتێک تەرخان کردووە؟
هەر پۆرترێتێک چیرۆکێکە لای من. درێژترین کاتم بۆ دروست کردنی پپرترێتی توانای کوڕم بوو، کە بەداخەوە کوڕێکم ئۆتیزمە ئەم پۆرترێتە ساڵێکی خایەند بۆ تەواو بوونی.
* هەوڵت داوەکە ستایلی تایبەتی خۆت هەبێت؟
من سەربەستی خۆم بە هیچ شتێك نابەستمەوە.
* خەڵك چی دەڵێت؟
دەڵێن هەندێ جار کارەکانت کۆمیدین ، هەندێ جار تراژیدین، ئەوان پێان وایا کە هەردوو حاڵەت لە یەك کاردا تێکەڵ بوو.
*ئایا ئەمڕۆی هوونەری شێوەکاری چۆن دەبینی؟
بەداخەوە، ڕەخنەگری ڕاستەقینەمان نییە زۆر جار ڕەخنەگر وڕۆژنامەنوسەکان ستایشی دۆزتانی خۆیان دەکەن، دیارە هەندێجار هەمان نەخۆشی بەرپرسەکان دەیانگرتەوە، کە لە ئەنجامدا خەلکی داهێنەر دەبێتە قوربانی.
*ئایا دەتەوێ بە هونەر چی بە خەڵک بڵیی؟
من ناخی خۆم دەڕدەبڕم. خەڵکیش لەزەت لە سەربەستی ناخی من دەبینن .
*تا چەند لەوەدا سەرکەوتووی.
هەموومان هەریەك بەشێوەیەك ئازاری خۆیان هەیە گرنگ بابەتەکان خۆیان خۆیان پێشکەش دەکەن.
*لە هونەر بەولاوە چی تر؟
گەڕانەوە بۆ باوەشی ئەو خێزانەی کە پێویستیان بەمن هەیە لە بیرشت نەچێت من چێشت لێنەرێکی سەرکەوتووم.
*جگە لە شێوەکاری؟
بەدیدی من،دەبێ مرۆڤی هونەرمەند لە کارەکانیدا هونەرمەند نەبێت بەڵکو لە هەڵسووکەوتیشیدا هونەرمەند بێت.
*کەوابێت سەرچاوەی کارەکانت چین؟
هەموو شتێك. زۆرجارلە زبڵخانەکان کاری جدیم دەکرد. بەبیرمە پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار دەیگوت محەمەد ئیسماعیل دەتوانێت داهێنان لە شتی بێکەڵکەوە شتی بە کەلك دروست بکات.
*ئەوەی گرنگە بەلاتەوە چی بکرێت باشە؟
خۆزگە لە کورستان بیر لە مۆزەخانەی نیشتمانی بکرێتەوە. گوناحە هۆڵی گەڵ شوێنە کولتوورییەکان تێك بدرێت و بە بیانووی شتی تازە، پێویستا دیموگرافیای شار تێك نەچێت، بۆ نموونە کەسێك کە نەیویست خانووە بچکۆڵانەکەی تێك بدرێت بە بیانووی نوێ بوونەوە، هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو حەقەی لێ بسێنتەوە. حەقە بەرنامە ڕێژی بکرێت بۆ ئێستا و ئایندەی کەلتوور کوردستان، چونکە ئەو جۆرە شتانە لە ئەوروپا بە راپرسی وشارەزایی ئەنجام دەدرێت.


