رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات
رووسیا هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهان دەدات
K24 - مۆسکۆ
ماوەیەکە کاربەدەستانی باڵای رووسیا، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن و هۆشداری لە دروستبوونی جەنگی سێیەمی جیهانی دەدەن، لەمیانەی بەڕێوەچوونی بیستەمین دیداری یانەی ڤاڵدای نێودەوڵەتی لە سۆچی رووسیاش، جگە لەوەی پانێڵێک تایبەت کراوە بە مەترسییەکانی دروستبوونی شەڕی ئەتۆمی، لە زۆربەی گفتوگۆکانی تریشدا ئەم بابەتە زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت.
"فرەجەمسەری دادپەروەرانە و چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش و گەشەپێدان بۆ هەمووان"، ناونیشانی بیستەمین دیداری یانەی ڤاڵدای نێودەوڵەتییە لە سۆچی رووسیا، کاربەدەست و پسپۆڕان لە گشت پانێڵەکاندا سەرنجی زۆریان خستووەتە سەر قەیرانی ئۆکراینا و دژواربوونی قۆناغەکە، پسپۆڕێکی هیندستان، نەیارانی کرێملن تۆمەتبار دەکات بەوەی لەپشت گرژییەکانەوەن.
لەوبارەوە نەندان ئونکریشنان، ئەندامی دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و چاودێری بە کوردستان24ی گوت: "رۆژئاوا بەردەوامە لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا و ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ درێژەدان بە جەنگ لەلایەن کیێڤەوە، بەردەوامی هاوکارییەکان لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئەوەیە ئۆکراینا ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە، کە رووسیا کۆنترۆڵی کردون، بەڵام زەحمەتە ئەم هاوکارییانە ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەست بخەن، هەلومەرجەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە هیچ لایەک ناتوانێت لە مەیدانی جەنگدا دۆخەکە یەکلایی بکاتەوە، ئێستا ئەوەی دیارە رووسیا دەتوانێت ناوچەی دیكە کۆنترۆڵ بکات و باری هێز بەلای مۆسکۆدا سەنگینە".
هاوکات لەگەڵ لێدوانی کاربەدەستانی باڵای رووسیا، ئەکادیمیستە رووسەکانیش پێیان وایە کە وڵاتانی رۆژئاوا، مۆسکۆ پەلکێش دەکەن بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەستپێکردنی جەنگی سێیەمی جیهانی.
ئەندرێی کارتۆنەڤ، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی رووسیا دەڵێت: "رەوشەکە تا دێت خراپتر دەبێت، سەرەتا بە چەکی سووک هاوکاری ئۆکراینایان کرد، دواتر تانک و زرێپۆشیان پێدان، ئێستاش باس لە فڕۆکەی جەنگی و موشەکی دوورمەودا دەکەن، ئەمەش بێگومان قەبارەی مەترسییەکان زیاد دەکات و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، من نازانم کاردانەوەی رووسیا چۆن و کەی دەبێت لە ئاست ئەم هەڕەشانە، بەڵام دڵنیام کە سەرۆکایەتی رووسیا بێ وەڵام نامێنێتەوە، ئەگەری جەنگی راستەخۆی نێوان رووسیا و بلۆکی ناتۆ ئەگەرێکی دوورنییە".
پەرەسەندنی جەنگ و زیادبوونی هاوکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا رەوشەکەی بردووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، بەجۆرێک دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاتر دەبێت.