هێزەکانی سووریا بۆ یەکەم جارە جۆرە مەشقێکی سەربازی ئەنجام دەدەن

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویکردەوە، هێزە تایبەتەکانی سووریا بۆ یەکەمجار لە فڕۆکەیەکی جۆری ئیل-76ی رووسی سەر بە هێزی ئاسمانی رووسیا لە سووریا یەکەیەکی مەشق و راهێنانیان ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە: بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوپای سووریادا سەربازانی ئەو وڵاتە مەشق و راهێنانیان لەسەر خۆهەڵدانە خوارەوەی شەوانە لەبەرزی پێنج هەزار مەترەوە لە فڕۆکەیەکی ئیل-76ی سەر بە هێزی ئاسمانی رووسیا ئەنجامدا. هەروەها لە مەشقەکانیشدا پەرەشوتی تایبەتی "ئەربالیت-2" و ئامێری بینینی شەوانەیان بەکارهێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە سەرپەرشتی راهێنەرە سەربازییەکانی رووسیا، پرۆسەیەکی مەشقی یەکگرتوو لە بواری خۆ هەڵدانە خوارەوەی ئاسمانیدا بۆ سەربازانی فیرقەی 25ـی هێزە تایبەتەکانی سوپای سووریا ئەنجامدراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، لە قۆناغی کۆتایی مانۆڕەکاندا، مەشق و ڕاهێنان لەسەر ئەنجامدانی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەخانە ئەنجامدراوە. ئەو جۆرە مەشقەش بە هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانی می 8ـی رووسییەوە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زیاتر لە 100 سەرباز لە هێزە تایبەتەکانی سووریا بە بەکارهێنانی پەرەشوتەکانی ئەربالیت-2 و چەکی ئۆتۆماتیکی، نارنجۆک، لە بەرزی چوار هەزار مەترەوە مەشقەکانیان ئەنجامداوە و خۆیان هەڵداوە.