هادی عامری داوای لێکۆڵینەوە لە فێستیڤاڵەکەی رۆژی سەربەخۆیی عێراق دەکات
K24 - هەولێر:
هادی عامری داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەو فێستیڤاڵە بکرێت کە بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی عێراقەوە لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو.
رۆژی 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی عێراق لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە بەغدا فێستیڤاڵێک بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک کەسایەتی تێیدا بەشداربوون.
لە ڤیدیۆ و وێنەکانی نێو فێستیڤاڵەکە ژمارەیەک ئافرەت بە جلوبەرگی نیمچەڕووتەوە دەرکەوتن و ئەمەش کاردانەوەی شەقامی عێراقی لێکەوتووەتەوە و بەشێك لە خەڵکی و کەسایەتییە سیاسییەکان داوا دەکەن لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت و رێکخەرانی ئاهەنگەکە رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح سەبارەت بەو بابەتە، رایگەیاند: داوا دەکەین سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوە لەو رووداوە شەرمەزارکەرەی گۆڕەپانی ئاهەنگەکان بکات.
عامری جەختی کردەوە لە گرنگی سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە سووکایەتیکردن بە مێژوو، بەها، داب و نەریتی گەلی عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکان، جگە لە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، هیچ بەرپرسێکی باڵای عێراقی دیکە ئامادەی فێستیڤاڵەکە نەبووە.
لەلای خۆیەوە، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق رایانگەیاند، ئەوان بەرپرسیار نین لە رێکخستنی فێستیڤاڵەکە و پاڵپشتییان نەکردووە.
گۆڕەپانی بۆنە و ئاهەنگ و فێستیڤاڵە گەورەکان لە ساڵی 1986 دروستکراوە و لە 1989 کەوانی سەرکەوتنی بۆ زیادکراوە، گۆڕەپانەکە دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا و تایبەتە بە نمایشی سەربازی و بۆنە نیشتمانییەکان.