بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی سووریا پێنج ئەندامی خێزانێک کوژران

K24 - هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژنێکی بە تەمەن و چوار لە منداڵەکانی بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی سووریا کوژران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5/10/2023، هێزەکانی سووریا دەورووبەری کەفەرنورانی سەر بە حەلەب یان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا ژنێک و چوار منداڵەکانی کوژران.

بەگوێرەی روانگەکە، بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی سووریا و دەستەی تەحریر شام، بەردەوام ئەم ناوچانە بەر بۆردوومان دەکەون.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، تەرمی ئەو ژنە و منداڵەکانی پێچراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نزیک شارۆچکەی ئەتارێب.

زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکوور و باکووری رۆژئاوای سووریا دەژین.

لە ساڵی 2011ـەوە، شەڕی ناوخۆ لە سووریا سەری هەڵداوە، کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی تێدا کوژراوە، هەروەها ژێرخانی ئەو وڵاتەش وێران بووە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.