تورکیا: ئێستا هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نییە

ئالپ ئارسلان بایرەکتار
ئالپ ئارسلان بایرەکتار

K24 - هەولێر

وەزیری وزەی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە هێڵی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ کارکردن، هەروەها ئەنقەرەش خۆی ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت.

ئاڵپ ئارسلان بایرەکتار وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێن تی ڤی رایگەیاند، ئێستا هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان نییە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تورکیا ئامادەیە نەوت هەناردە بکات؟ بایرەکتار گوتی: "ئەمە پەیوەستە بە لایەنی عێراقییەوە" بۆریی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە رۆژی چوارشەممەوە ئامادەیە بۆ کارکردن بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە بەردەم ناردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان هەبێت.

بایرەکتار لە میانی کۆنفرانسی ئادیپیک لە ئەبوزەبی، کە لە 2ـی ئۆکتۆبەر دەستیپیکرد رایگەیاند، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست دەکەین بە کارپێکردنی هێڵی بۆری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، کە دەتوانێت نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل بگوازێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان"، گوتیشی: وڵاتەکەی جێی متمانەیە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.

دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس تورکیای پابەند کردووە بە پێدانی قەرەبوو بە عێراق ئەمەش وایکرد ئەنقەرە لە 25ـی ئاداردا هاوردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە رابگرێت.

دواتر هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە سەرپەرشتی حکومەتی فیدراڵی.

عێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپێکە و بە تێکڕا رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات و نەوتیش 90%ی داهاتی وڵاتەکەی پێکدەهێنێت.