پوتن: چەندین بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، وێنە:AP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، وێنە:AP

K24 - هەولێر:

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی مۆسکۆ دەکات و بابەتی وزە و ئاسایشی هەرێمایەتی و ئاسایشی ناوخۆی عێراق پێکەوە تاوتوێ دەکەین". هاوکات دەشڵێت: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ عێراق هەیە و دڵنیام سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرهەمدار دەبێت و لەکاتی خۆیدایە.

ئەمڕۆ پێنچشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا  لە میانەی بەشداریکردنی لە 20مین دیداری ساڵانه‌ی یانه‌ی گفتوگۆی ڤه‌ڵدای، لە وەڵامی دکتۆر محەممەد ئیحسان،  ئه‌كادیمی كورد رایگەیاند، لەبارەی عێراقەوە ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ عێراق هەیە و پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ رووسیا.

هاوکات راشیگەیاند، راستە زۆر بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە پێش هەموو شتێک لەبواری وزە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بابەتی دیکە گرنگی ئابووری هەن لەوانە لۆجستی، من ناچمە ناو وردەکارییەوە، بەڵام دەزانین چەند بژاردەیەک هەن بۆ بەردەوامی زنجیرە لۆجستی لەرێگەی عێراقەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت باشترینیان هەڵبژێرین و ئامادەین کار لەسەر ئەو پرۆژانە بکەین.

سەرۆکی رووسیا ، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت و بە خۆشحاڵییەوە ئەو هەموو بابەتانەی لەگەڵ باس دەکەم، لە ناویشیاندا ئاسایشی هەرێمایەتی و ئاسایشی ناوخۆی عێراق، دەیان ساڵە ئێمە باشترین و نزیکترین پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق هەیە و زۆر دۆستمان هەن لەوێ.

ڤلادیمێر پوتن، دەڵێت: مەبەستمان لە وڵاتی عێراق سەقامگیری هەبێت، سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتیش گەشە بکات. چاوەرێی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دەکەین و دڵنیام ئەو سەردانە زۆر بەرهەمدار دەبێت و لەکاتی خۆیدایە".

رۆژی (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) له‌ هاوینەهەواری سۆچی لە رووسیا، 20مین دیداری ساڵانه‌ی یانه‌ی گفتوگۆی ڤه‌ڵدای به‌ ئاماده‌بوونی 140 پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی کە 42 وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون به‌ڕێوه‌چوو، له‌ پانێڵەکەدا باس له‌ رژێمی نوێی جیهانی دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا كرا، هه‌روه‌ها باس له‌ كۆتاییهاتنی تاك جه‌مسه‌ری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جیهانیش كرا.

Fly Erbil Advertisment