ئەم هەفتەیە دوا بەشی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت
K24 - هەولێر:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی نووسراوی خەرجکردنی دوا بەشی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و رۆژی دووشەممە بەشی کوردستان رادەستدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر، د. حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، "دوێنێ ئێوارە وەزارەتی دارایی نووسراوی خەرجکردنی 770 ملیار دیناری هەموو جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و سبەی دەست بە رێکارەکانی رادەستکردنی چەکی بانکی بە هەموو پارێزگاکان دەکەن".
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە 107 ملیار دینار دەکات، د.حەیدەر نووری گەرعاوی دەڵێت "رۆژی دووشەممە چەکی بانکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی نوێنەرانی پارێزگاکان دەکرێت و هەر ئەم حەفتەیە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت بەسەر جوتیاراندا".
بەر لە وەرزی دروێنە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو، جووتیاران دوای 24 کاتژمێر لە رادەستکردنی گەنمەکانیان چەکی پارەکانیان وەردەگرن و لەماوەی 15 رۆژدا پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژە بەو دەکات کە لە کاتی خۆیدا و بەر لە وەرزی نوێی چاندن تەواوی پارەکە دەدرێت.
ئا: کاوار ساڵح