ئەمەریکا داوا لە دەسەڵاتی فەڵەستین دەکات ئیدانەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بکات

دیمەنێکی هێرشی مووشەکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل - فۆتۆ: aa
دیمەنێکی هێرشی مووشەکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل - فۆتۆ: aa

K24 – واشنتن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین دەکات، ئیدانەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین ئەنجامدا و تاوتوێی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بلینکن هێرشی حەماسی بۆسەر ئیسرائیل بە ناڕەوا زانیوە و داوای لە مەحموود عەباس کردووە ئیدانەی هێرشەکە بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داواشی لە دەسەڵاتی فەڵەستین کردووە، بەردەوام بن و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7/10/2023، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بەگوتەی یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی حەماس بەناوی محەممەد ئەلدایف لە دەستپێکی هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار مووشەک و گولـلە هاوەنیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

لە وەڵامی هێرشەکەی حەماس، ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هەموو شوێنێک و بە هەموو هێزێک لە حەماس دەدەن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، جەنگی ئەمجارەیان لەگەڵ حەماس، درێژە دەکێشێت و کەرتی غەززە دەکەنە دوورگەیەکی وێران بوو.

لەلایەکی دیکە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیکردووە و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ دووپاتکردووەتەوە و باسی لەوەشکرد، لوید ئۆستنی وەزیری بەرگریی راسپاردووە، کاربکات بۆ دابینکردنی ئەو پاڵپشتییانەی کە ئیسرائیل پێویستی پێیەتی.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، لە جەنگی حەماسدا، ئەمەریکا لە پشتی ئیسرائیل دەوەستێت و هەموو رێگایەکی گونجا دەگرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.