باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی خۆی
K24 - هەولێر
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان هۆشداریدا کە دۆخی ئیسرائیل "پێشبینی نەکراوە"، ئەمەش بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکان، کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیپێکردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، لە هەژماری خۆیدا لە پلاتفۆرمی X رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا وریا بن.
کەناڵی "ئەی بی سی نیوز" بڵاویکردەوە، لانیکەم چوار هاووڵاتی ئەمەریکی لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە ئیسرائیل کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا، کۆنگرێسیان ئاگادارکردووەتەوە، کە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە، دەشڵێت، ئیدارەی ئەمەریکا هێشتا لێکۆڵینەوە لە راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان دەکات کە باس لە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەکات.
رۆژی شەممە، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوان و کتوپڕی کردە سەر ئیسرائیل، لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنینی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و بەسەدان کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.