ئەبو توراب تەمیمی: سەرۆک بارزانی توانای چارەکردنی قەیرانەکانی هەیە

ئەبو توراب تەمیمی: جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێم خزمەت بە عێراق و کورد ناکات

سیاسەتمەدارێکی عێراقی داوای پاراستنی یەکڕیزیی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، یەکگرتوویی کورد هێز بە خۆیان و عێراق دەبەخشێت؛ هاوکات هیوای خواست بە رۆڵی سەرۆک بارزانی و کەسانی ژیری ناو لایەنە کوردییەکان، ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.
 
 سیاسەتمەداری عێراقی، ئەبو توراب تەمیمی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەلی کورد لە پێناو ناسنامە و نەتەوەی خۆیدا جەنگاوە، بەرگریی کردووە و بەرگەی ستەمی رژێمی سەدام حوسێنی گرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، برا کوردەکانمان لە سەرجەم پارێزگاکان ماف و شایستەکانی خۆیان بەدەست هێناوە، بە شێوەیەک کە لە دۆخی ئێستای پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست باشترە.

ئەبو توراب تەمیمی گوتیشی "ئەو بابەتە سەرەکییەی دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، بەو پێیەی ئەمڕۆ پارێزگای سلێمانی دەیەوێت لە هەرێم جیا ببێتەوە، ئەم کارە نە خزمەت بە عێراق دەکات و نە خزمەت بە برا کوردەکانمان دەکات." جەختیشی کردەوە، ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستی هێناون، بە سایەی یەکڕیزی، تەبایی و هەڵبژاردنی کەسانی شیاو بووە، هەروەها ئەم دەستکەوتە گەورەیەی بۆ یەکڕیزیی سەرۆک بارزانی و مام جەلال گەڕاندەوە.

تەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند "هیوادارین پارێزگاکانی هەرێم یەکگرتوو بن، هەروەک بۆمان گرنگە وەک عێراقی رۆڵی خۆیان هەبێت، خزمەتی وڵات بکەن و تەبا بن، رەنگە هەندێک کەس بیانەوێت پەرتەوازەتان بکەن و دابەشتان بکەن، وا بزانن ئەمە بۆ ئەوان خاڵی بەهێز و بۆ ئێوە لاوازییە؛ بەڵام پێم وایە بە یەکڕیزیی ئێوە عێراق بەهێز دەبێت و خۆشتان بەهێز دەبن، لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و پاراستنی عێراقێکی یەکگرتوو و یەکپارچە."

ئەبو توراب تەمیمی هیوای خواست بە حیکمەتی کەسانی ژیر ئەم ناکۆکییانە کۆتاییان پێ بێت و گوتی "ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی توانای کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەی هەیە، هەروەها لەناو سەرجەم سەرکردایەتییە کوردییەکاندا، چ لە پارتی و چ لە یەکێتی، هێشتا کەسانی دانا و ژیر هەن و ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت."