لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت سەردانی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکان دەکات
زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو لێژنەیەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، کارەکانی چڕکردووەتەوە و سەردانی چەند ناوچەیەک دەکات. لێژنەکە بەمزووانە سەردانی پارێزگای سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
زیرەک زێباری روونیکردەوە، ئەندامانی لێژنەکە لە چوارچێوەی ئەرکەکەیاندا سەردانی سلێمانی دەکەن و هەموو ئەو شوێنانە لە نزیکەوە دەپشکنن کە نەوتی بە رێگەی قاچاخ لێوەی هەناردەکراوە. جەختیکردەوە، هیچ کەس و لایەنێک لەو دۆسیەیە پارێزبەندیی نییە و هەرکەسێک تێوەگلابێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئاشکرایکرد، لێژنەکە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە پشتڕاستکراوەکان کۆدەکاتەوە. دوای تەواوبوونی پشکنین و لێکۆڵینەوەکان، راپۆرتێکی گشتگیر و کۆتایی ئامادە دەکەن و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن تا رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو راپۆرتەی لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت ئاراستەی پەرلەمان کراوە، رۆژانە بڕێکی زۆر نەوت لە پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانییەوە بە رێگەی قاچاخ هەناردەی ئێران کراوە و لەوێشەوە رەوانەی ئەفغانستان کراوە.
لێژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا چەندین بەڵگەی پشتڕاستکراوەیان دەستکەوتووە و کۆمەڵێک بەڵگەی سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت کۆکردووەتەوە.